زاری كرمانجی-سۆران
كچە شاخەوانێكی دانیشتووی گوندی هاودیان لە ئیدارەی سۆران، هەر لەتەمەنی منداڵییەوە بە هاوكاری باوكی دەستی بە وەرزشی شاخەوانی كردووەو تائێستا زیاتر لە 30 گەشتی شاخەوانی ئەنجامداوەو بەسەر چەندین لوتكەی بەرزو سەخت سەركەوتووە.
فاتیمە خالس عەلی، تەمەن 10 ساڵ دانیشتووی گوندی هاودیان سەربە ناحیەی دیانا لە ئیدارەی سۆران، تازە لە قۆناخی پۆلی چوارەمی سەرەتاییە. بەزاری كرمانجی گووت ” سەركەوتنەكانم لە وەرزشی شاخەوانیم هەمووی لە سایەی باوكم بووە، چونكە باوكم جگەلەوەی بەرپرسی رێكخراوی شاخەوانی هاودیانە، لە هەمانكاتیشدا ساڵانێكە چالاكوانی شاخەوانییە، ئەمەش وایكرد بۆمن دەرفەتێك بێت، كە بتوانم لەم بوارە ڕۆڵی خۆم ببینمەوەو گەشتی شاخەوانی ئەنجام بدەم، كە توانیوومە شان بەشانی وەرزشوانانی شاخەوانی چەندین لوتكەی سەخت ببڕم”.
لای خۆیەوە خاڵس عەلی، سەرۆكی رێكخراوی شاخەوانی هاودیان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” خۆشەویستیم بۆ سروشت و چیاو كێوەكانی كوردستان وایكردووە، كە جگەلە خۆم هانی كچەكەشم بدەن خۆی لەم بوارە ببینیتەوە، هەر لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بۆ هەندێ ناوچەی شاخەوانی لەگەڵ خۆم دەبرد، دوواتر وردە وردە لوتكەی بەرزترو سەختتری دەبڕی، بەمەش تا ئەو تەمەنەی ئێستای زیاتر لە 30 گەشتی شاخەوانی ئەنجامداوە”.
ئاماژەی بەوەشدا: ” سەختترین لوتكە كە كچەكەم گەشتی شاخەوانی بۆ ئەنجامداوە، وەك لوتكە چیایی هەڵگورد، چیایی برادۆست، حەسەنبەگ، داڵاش و دەیان لوتكەو چیایی دیكەی سنوورەكە، دواین گەشتی شاخەوانیش لەم دوو ڕۆژەی رابڕدوو بوو، بۆ لوتكە چیایی كەچڵ پیر لە سنووری شارباژێڕ، سەربە پارێزگای سلێمانی.