زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان رایگەیاند، بە بەشداری 100هەنگەوان و خاوەن پڕۆژە خولی زانستی هەنگەوانان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو کە تایبەت بوو بەو نەخۆشییانەی هەنگ لە وڵاتان بڵاو بووەتەوە، كە لەنێو ئەو هەنگەوانانەدا چەندین هەنگەوانی ئیدارەی سۆران هەبوون و لە خولەكەدا بەشدار بوون.
عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان، راگەیاند، ئەمساڵ کۆمەڵێک دەرد و نەخۆشی هەنگ رووی لە وڵاتان کردووە، کۆمەڵێک لەو وڵاتانە کۆبوونەوە لەسەر ئەو نەخۆشیانە، بۆ ئەوەی تەشەنە نەسێنێت و نەبێتە هۆکاری لەناوچوونی هەنگ، تەنیا هەرێمی کوردستان نەیتوانی ئەو کۆبوونەوانە ئەنجامبدات لەبەر هەندێک هۆکار.
سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانان گوتیشی: “گرنگی ئەم خولە خولێکی راهێنانی زانستییە تایبەت دەربارەی دەرد و نەخۆشی و چۆنییەتی چارەسەرکردنی هەنگ”.
عارف شێراوانی راشیگەیاند، بۆ ئەوەی بتوانین سوودێک بگەیەنین بە فێرخواز و زانیاری وەرگرن لەم خولی راهێنانەدا کە بە بەشداری پێنج پڕۆفیسۆری شارەزا لە بوارەکانی زانستی رێنمایی و هۆشداری و چارەسەری بۆ هەنگەوانان روون دەکردەوە، پڕۆفیسۆر مزاعم ئەیوب، کە شارەزایەکی زۆرباشە لە سەرانسەری وڵاتانی عەرەبیدا، لەگەڵ ئەو پڕۆفیسۆرانەی دیکە کە پسپۆرییان هەنگە.
سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانان ئاشکراشیکرد، خولەکە بۆ ئەو کەسانە بوو کە خوێندەوارییان هەبوو و خاوەن پڕۆژەن، بەڵام خەڵکی ئاساییش هەبوو خۆیان هاتبوون حەزییان دەکرد گوێبیستی زانیارییەکان بن، بەبێ جیاوازی لە هەموو شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەنگەوانان روویان لەم خولە کردبوو، هەروەها بۆ ماوەی دوورۆژ بەردەوامبوو، 100 هەنگەوانی لە خۆ گرتبوو، لەو ژمارەیە 50 کەسی بە گوێگر هاتبوون، لە کۆتای خولەکەش بڕوانامە بە بەشداربووان بەخشرا.
راشیگەیاند، لە هەوڵداین بەم نزیکانە ئەم خولە لە دهۆک و سلێمانیش بکرێت، چونکە دەبێت هەنگەوان هوشیار بکرێتەوە و ئامادەکاری بکەن، بۆ ئەو نەخۆشیانەی بە رێگاوەن، هەرچەندە تا ئێستا ئەو نەخۆشییانەی هەنگ نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.