زاری كرمانجی-سۆران:
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی ھەشت کەسی لە پەرلەمان پێکھاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە بۆردوومانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، کە سبەی سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی ھەولێر دەکەن و راپۆرتێک ئامادە دەکەن و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن.
سەگڤان سندی، گوتی: “پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی پێکھێناوە لە ھەشت ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری کە نوێنەری زۆرینەی فراکسیۆنەکانی تێدایە، بۆ ئەوەی سەردانی ھەولێر و شوێنی بۆردوومانکردنی ماڵی ئەو ھاووڵاتییه سڤیلە بکەین، کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆردوومان کراوە، بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێک ئامادە بکرێت و بۆ ھەمووانی ئاشکرا بکەین ئەوەی ئێران بۆردوومانی کردووە، ماڵی ھاووڵاتییەکی سڤیلە و خەڵکی بێتاوان شەھید کراون”.
سندی گوتیشی: “سبەی لیژنەکە سەردانی پارێزگای ھەولێر دەکات و خۆی دەچێتە شوێنی بۆردوومانەکە و راپۆرتێک ئامادە دەکرێت، دواتریش دەدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بڕیاری پێویستی لێ بدرێت”.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: “ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە، ماڵی ھاووڵاتییەکی سڤیلە و خۆی پیشەی بازرگانە و پەیوەندی بە ھیچ کارێکەوە نییە، بۆیە پێویستە ھەموو خەڵک ڕاستییەکان بزانێت، هەر سبەینێش گەر ھیچ کێشەیەک ڕوونەدات، بڕیارمان داوە سەردانی ھەولێر بکەین”.