مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ئەنجامی هێرشێكى ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەك لە دیمەشق، بەرپرسی هەواڵگری سوپای قودس و چهند راوێژكارێكى باڵاى ئێران كوژران.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 20ـى كانوونی دووەم، ئیسرائیل باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوونی لە دیمەشق ی پایتەختی سووریا كردە ئامانج و بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی سووریا، بۆردوومانەكە بووە هۆی كوژرانی حاج سدیق بەرپرسی هەواڵگری سوپای قودس لە سووریا.
هاوكات سكای نیووزی عەرەبی بڵاوی كردەوە كە (ئەبوو مونتەزر) سەركردەیەكی گرووپێكی چەكداری نزیك لە ئێران لەو بۆردوومانەدا كوژراوە.
هەروەها لە هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز یش هاتووە “لەم هێرشەدا چوار ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران كوژران.” لهگهڵ ئهوهش ئاژانسی مێهر كوژرانی دوو ڕاوێژكاری باڵای ئێرانی لە بۆردوومانەكەدا پشتڕاستكردەوە.