مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
چەند ڕێكخراوێكی قوتابییان و خوێندكارانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێكدا داوا لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەكەن كۆتایی بە سزای لە سێدارەدان بهێنن و لەوە زیاتر بە بیانووی بێ بنەما هاوڕێ و كەس و كارییان لە سێدارە نەدات.
ڕێكخراوەكانی قوتابییان و خوێندكاران لە ڕاگەیاندراوێكدا لە ژێر ناونیشانی (ئیعدام تەحەمول ناكەین)، وێرای ئیدانەكردنی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر بەندكراوان، ڕایدەگەینن كە چیتر لەبەرامبەر ئەو سزایە بێ دەنگ نابن و حكومەتی سێدارە لە ناو دەبن.
ڕێكخراوەكانی قوتابییان و خوێندكاران جەخت لەسەر یەكڕیزی و پشتیوانی لە بنەماڵەی بەندكراوانی سزادراوە بە سێدارە دەكەن و داواش لە هاووڵاتییان دەكەن پاڵپشتیان بكەن لە بەرەنگاربوونەوە تاوانەكانی حكومەت و دەشڵێن بنەماڵەی قوربانیان بە تەنیا جێ ناهێڵن و هەموو كارێك دەكەین بۆ ئەوەی كۆتایی بە دەسەڵاتی سێدارە بهێنین .
قوتابییان و خوێندكارانی زانكۆكانی ئەسفەهان، كوردستان، ورمێ، تاران و چەند ڕێكخراوەی خوێندكاری دیكە، واژۆیان لەسەر ڕاگەیاندراوەكە كردووە.
كۆمارى ئيسلامى ئێران له ساڵی ٢٠٢٣ ، سزای سێدارەی ٨٢٩ بەندكراوى لە بەندیخانە جۆربەجۆرەكانی ئێراندا جێبەجێ كردووه .