مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا داوا لە بازرگانان و هاووڵاتییانی هەرێم دەكات كاڵای ئێران بایكۆت بكەن.
دوێنێ هەینی 19ی كانوونی دووەمی 2024، وەك هەڵوێستێك بەرامبەر هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر وێڕای سەركۆنە و شەرمەزاركردنی هێرش و پەلاماری ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان، داواش لە بازرگان و هاووڵاتییان دەكات بایكۆتی كاڵای ئێرانی بكەن.
لە ڕاگەیاندراوەكەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر هاتووە “شەوی 15ی ئەم مانگە، لە ئاكامی هێرش و پەلامار و مووشەكبارانی زاڵمانەی هێزەكانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، كە بەبێ هیچ پاساو و بنەمایەك خەڵكی سڤیل و بێتاوانیان لە شوێنی نیشتەجێبوون كردە ئامانج و بە داخەوە جگە لە شەهیدبوونی پێشڕەو دزەیی كە سەرمایەدارێكی ناودار و دیاری شارەكەمان و ئەندامێكی كارای ژوورەكەمان بوو، ژینەی تەمەن كەمتر لە یەك ساڵەی كچی و كەرەم میخائیل كە بازرگانێكی دیكەی دیاری عێراق بوو شەهید بوون و چەندین كەسی دیكە بێتاوان و ئەندامانی خانەوادەكەشی بریندار بوون.”
دەشڵێت “ئەو هێرش و پەلامارانەی هێزەكانی ئێران كە چەندین جاری دیكەش بەبێ پاساو و بە بیانووی جۆراوجۆر و بە بێ گوێ دانە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكان و بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ كراونەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، مەبەست لێی تەنیا شێواندن و تێكدانی ئەو ئاسایش و ئارامییە كە لە هەرێمی كوردستان بەرقەرارە.”
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەكەدا ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر داوا لە بازرگانان و هاووڵاتییان دەكات بایكۆتی كاڵای ئێرانی بكەن “داوا لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان بە گشتی دەكەن، ئەگەرچی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەولێری پایتەخت بازاڕێكی گرنگی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی ئێرانە كە ڕۆژانە هاوردەی كوردستان و عێراق دەكرێن، بایكۆتی هێنان و بەكارهێنانی كاڵاكانی ئێران بكەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.”