زاری كرمانجی-سۆران:
بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی هێرشەكانی ئێران بۆسەر هەرێمی كوردستان، بڕیارە رەوەندی كوردی خۆپیشاندان لە 15 وڵاتی ئەوروپی و ئەمەریكا ئەنجام بدەن و لەبەردەم باڵیۆزخانەكانی ئێران كۆببنەوە.
خۆپیشاندانەكان ئەمڕۆ شەممە 20ـی كانوونی دووەمی 2024 لە كاتژمێر 12 لە بەرلین، دۆسلدۆرف، هانۆڤەر، هامبۆڕگ، ڤۆلسبۆڕگ، لەندەن، ئەمستەردام، پاریس، ئۆسلۆ، هیلسیكی، بڕۆكسل، ڤێنا، كۆپنهاگن، واشنتۆن، ستۆكهۆڵم، ئەسینا و جنێف بەڕێوە دەچن.
كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی هەڵساوە بەئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە و داوا لە دیاسپۆرا دەكەن، وەكو ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی تەنیا بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان بەشداری بكەن.
كاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی كانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران، زیاتر لە 10 مووشەكی بالیستیان ئاراستەی هەولێر كرد، بەهۆی ئەو مووشەكانەوە ماڵی پێشڕەو دزەیی كرایە ئامانج، لە ئەنجامدا 11 هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوو.