زاری كرمانجی-سۆران:
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەمواری یاسای بودجەی گشتی عێراق دەگاتە پەرلەمان و دەڵێ: دوای ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نامێنێ.
د.خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: ھیچ وادەیەک دیار نەکراوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ھەموارکردنەوە پێشکەشی پەرلەمانی عێراق بکرێت، بەڵام ئێمە چاوەڕێی ناردنی ھەمواری یاسای بودجەین و پێشبینی دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە بە مەبەستی ھەموارکردنەوەی لەلایەن حکوومەتەوە بگاتە پەرلەمان و کاری لەسەر بکرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: مەبەستمانە لەکاتی ھەمواری یاسای بودجەی گشتی عێراق کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین، ئەگەر یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە ئەوە دڵنیاین کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستانیش چارەسەر دەکرێت بەگوێرەی یاسای بودجە.
لەبارەی ناردنی پارە بۆ مووچەی ئەم مانگە د.خەلیل غازی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دەرکردووە بۆ ناردنی پارەکە، بەڵام ناتوانم ڕۆژی ھاتنی پارەکە دیار بکەم، بەڵام گومانی تێدا نییە بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵیەوە ئەو پارەیە ڕەوانە دەکرێت.