زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان لە داڤووس گوتی: ئەنجامی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی داڤووس ئیجابییە و بەرھەمداربووە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا سەرۆکی حکوومەت ٤٥ چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشداربووانی کۆنفرانسەکە ئەنجامداوە و داوای کردووە کۆمپانیا بیانییەکان بێن بۆ ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان ئەنجامبدەن، ئەوانیش ڕەزامەندییان نیشانداوە و بەڵێنیان داوە بێن لە ھەرێمی کوردستان لە چەندین بواردا وەبەرھێنان بکەن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، د.محەمەد شوکری، گوتی: سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئابووری جیھانیی داڤووس زۆر گرنگە و چالاکییەکان لە بواری سیاسی و ئابووری زیاتر بوونە، بەجۆرێک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو سەردانە تا ئێستا ٤٥ کۆبوونەوە و دیداری جیاجیای زۆر ئیجابی لەگەڵ سەرکردە و کەسایەتی باڵای بەشدار لە کۆنفرانسەکەدا ئەنجامداوە، لەو دیدار و کۆبوونەوانەدا سەرۆکی حکوومەت داوای لە بەرپرس و کۆمپانیاکان کردووە بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان ئەنجام بدەن.
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ھەمووان بەڵێنیان داوە و ڕەزامەندییان نیشانداوە بێن لە ھەرێمی کوردستان لە چەندین بواردا کاربکەن، وەکو کەرتی کشتوکاڵ، تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، بانک، ئەلکترۆنی، پیشەسازی و بوارەکانی دیکەش، ھەر بۆیە سەرۆکی حکوومەت لە ھەموو چاوپێکەوتنەکانیدا ئەوەی باس کردووە، ژینگەی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان زۆر لەبارە بێن وەبەرھێنانی تێدا بکەن، کۆمپانیاکانیش ئامادەییان نیشانداوە سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەنجامدانی کاری وەبەرھێنان.