د. ئازا- زاری کرمانجی:
دوای دەستپێکردنی شەڕی فەڵەستین، وڵاتی ئێران پشتگیری چەکدارانی حەماسی دەکرد، بەڵام لە ترسی ئەوەی کە شەڕەکە بۆ ناو ئێران درێژ بێتەوە و پەلبهاوێت، بۆیە هەر زوو ئێران بە شێوەیەک لە شێوەکان کاری لەسەر گرووپەکانی نزیک لە خۆی کرد بەکاریهێنان بۆ ئەوەی لە بڕی ئێران شەڕەکە بە وەکالەت بۆ ئەو ئەنجام بدەن.
سەنار شێرۆکی، مافناس بۆ زاری کرمانجی دەڵێ: ئێران چل ساڵە درووشمی سڕینەوەی ئیسڕائیل دەڵێتەوە و بەردەوام هانی حوسییەکانی یەمەن، فاتمییەکانی سووریا، حیزبوڵڵای لوبنان و حەماسی فەڵەسین دەدات، بەڵام کە شەڕ ڕوویدا لە نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل، سوپای پاسداران دروشمەکانی نەکرد بە پڕاکتیک و بێ دەنگی هەڵبژارد، هەر بۆیەش لە ڕووی نێوخۆیی و دەرەکییەوە کەوتە ژێر فشارێکی یەکجار زۆر.
سەنار، گوتیشی، لێرەدا جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەگەر مەبەستی ئێران تۆڵەسەندنەوەی تەقینەوەکەی کەرمان بێت، بۆچی داعشی خوراسان ناکەتە ئامانج کە لە ئەفغانستانن، یاخود بۆچی چەندین جارە هەرێمی کوردستان بۆمب باران دەکات، چونکە هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارام و سەقامگیرە بۆیە ئێران بە هێرشی موشەکی سەر کوردستان و خەڵکی بێ تاوان و سڤیل دەیەوێت سەرنجی ڕای گشتی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، ئەگەر لە بەیاننامەکانی سوپای پاسداران بڕوانین دەبینین کە سێ بەیاننامەی جیاوازیان داوە مەبەستی سەرەکییان لەمەش بتوانن ئەو کردەوە گڵاو و تاوانەکانیان کە مەبەستەکەی کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی سڤیل بوو وا نیشان بدەن بۆ ڕای گشتی، کە بنکەیەکی ئیسرائیلیان پێکاوە لە هەولێر، ڕوون و ئاشکرایە کە ئێران و گرووپە نزیکەکانی، چاویان بە جوانی و ئاوەدانی و پێشکەوتنەکانی کوردستان و هەولێر هەڵنایەت، دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان تێک بدەن و سەقامگیر نەبێت.