مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەندكراوێكی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە یەكێك لە بەندیخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئەمیر شەهبازی تەمەن 37 ساڵ و خەڵكی ورمێ، دوێنێ چوارشەممە 17ی كانوونی دووەم لە ژووری تاكەكەسی بەندیخانەی ورمێ لە ڕێگەی خواردنی حەب كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڵاوی كردەوە ئەمیر بە هۆی درەنگ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە،
بەگوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار كە بە ڕێكخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە “ئەمیر ڕۆژێك بەر لە خۆكوشتنی، بە بڕیاری بەرپرسانی بەندیخانە و بە بیانووی «هەبوونی مۆبایل» گواسترابووە بۆ ژووری تاكەكەسی، ئەویش هەمان ڕۆژ ڕاگەیاند ئەگەر بۆ ژووری تاكەكەسی بگوازرێتەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.”
ئەمیر شەهبازی بە تۆمەتی دزیكردن ماوەی ٧ ساڵە بەند كرابوو و لەلایەن دەزگای تاوانەكانی ورمێ سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی، بەسەردا سەپێنرابوو.
ڕێكخراوی هەنگاو ئاشكرای دەكات لە دوای هەوڵی خۆكوشتنی ئەم بەندكراوە، هەموو هێڵەكانی پەیوەندی بەندی ژنان و پیاوانی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بڕاوە.