مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
حكومەتی عێراق لە دژی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵای تۆمار كرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕاگەیاند “ڕۆژی سێشەممە 16ـى كانوونی دووەمی 2024، سكاڵامان پێشكەش بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد، لەسەر ئەو هێرشە مووشەكیی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، كە بەو هۆیەوە خەڵكی سڤیلی بێتاوان بوونە قوربانی،”
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو كە لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی عێراقەوە دوو نامەی هاوشێوەی یەك بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرز كردووەتەوە و لە نامەكەدا ئاماژەوە بەوە كراوە كە هێرشەكە سەرپێچییەكی ڕوونی سەروەریی عێراق و ئاسایشی هەرێمی و گەلی عێراقە.
شەوی دووشەممە بە 11 مووشەكی بالیستی چەند شوێنێكی مەدەنی لە شاری هەولێر لەلایەن سوپای پاسداران كرایە ئامانج و بەو هۆیەوە چەند هاونیشتمانییەك شەهید و بریندار بوون.