سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی شانشینی هاشمی ئوردنی لە داڤۆس سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەولێر دەکەن کە پێشێلکاری و دەستدرێژییەکی ناڕەوایە بۆ سەر سەروەری عێراق.
رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ بیشر ئەلخەساونە، سەرۆکوەزیرانی شانشینی هاشمی ئوردنی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی ئوردن، سڵاو و رێزی شا عەبدوڵڵای شای ئوردنی بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیاند و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر هەولێر کە پێشێلکاری و دەستدرێژییەکی ناڕەوایە بۆ سەر سەروەری عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن بە تایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.