بەرپرسی لقی 10 داوا لە جەماوەری سۆران دەكات بەشدار بن
بە مەبەستی ئیدانەكردنی هێڕشەكانی شەوی ڕابردووی سوپای پاسداران، بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل، خۆپێشاندانێكی بەرفراوان لە ناوەندی قەزای سۆران بەڕێوە دەچێت.
بەهرام عەریف یاسین بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی راگەیاند “وێڕای سەركۆنەكردنی ئەم هێڕشە ناڕەواو بێ بنەمایەی بۆ سەر پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا، شەهیدو برینداربوونی چەندین هاووڵاتی سڤیلی لێكەوتەوە، بە ناحەزانی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین، ئەم كردەوانە هەرگیز نابنە هۆی سلكردنەوەمان بۆ بەردەوام بوون لە خەباتی ڕەوای نەتەوەكەمان، نەتەوەی كورد كیماباران و ئەنفال نەیوەستاند، بە چەند سارۆخێكیش ناهەژێت”.
بەرپرسی لقی10 لە درێژەی قسەكانیدا گووتی ” بۆ سەركۆنەكردنی ئەم هێڕشە سبەی لە قەزای سۆران خۆپێشاندانێكی جەماوەری بەرێوەدەچێت، لێرەوە داوا لە هەموو جەماوەری سنووری ئیدارەی سۆران و دۆست و لایەنگیرانمان دەكەین، بە جۆش و خرۆشەوە بەشدار بن و پێكەوە ئیدانەی ئەم هێڕشە ناڕەوایانە بكەن”.