كەمێك بەر لە ئێستا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وتارێكدا لە داڤۆس، ڕایگەیاند” لە هێرشێكی بێپاساو و نامەردانە هەولێر كرایە ئامانج، بەداخەوە كاك پێشڕەو و كچەكەی شەهید بوون، جێی شەهیدەكان بەهەشت بێ و هیوای زوو چاكبوونەوەی برینداران، ئەم هێرش و دوژمنكارییە، هیچ هۆكارێكی نییە و بێ پاساوە و ئەوەی لە تواناماندا بووبێ كردوومانە تا خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دراوسێكانمان پەرە پێ بدەین، ئەم هێرشانە زۆر بێ هۆكارن و نابێ بەهیچ جۆرێك بێ وەڵام بمێننەوە.
لەبارەی بەشداریكردن لە كۆڕبەندیی جیهانیی داڤۆسەوە، سەرۆكی حكوومەت ڕایگەیاند” هاتین بۆ داڤۆس بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێگەی كۆمپانیاكان و ئەو بەڕێزانەی كە بەشدارییان لە كوردیش هاوس كردووە بۆ یەكەمجار، بتوانین پەرە بە ئابووریی كوردستان بدەین و پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دونیا و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان فراوانتر بكەین و ئەو بەرنامانەی كە دانرابوون بۆ ئەم چەند ڕۆژە، بەم شێوەیە ڕێكخرابوون. هیوادارم بتوانین لەسەر بەرنامەكانی خۆمان بەردەوام بین”.
مەسرور بارزانی، ڕاشیگەیاندووە” بەڵام هەروەك بیستتان دوێنێ شەو لە هێرشێكی بێپاساو و نامەردانە، هەولێر دیسان كرایەوە ئامانج و لە ئەنجامی ئەو هێرشە، چەندین كەس گیانیان لەدەست دا لەوانە كاكە پێشڕەو و كچەكەی و هەندێك كەسی تر لە خێزانی و هاووڵاتیانی تر بوون بە قوربانی و برینداریش بوون. هیوادارم جێی شەهیدەكان بەهەشت بێت و بریندارەكانیش زوو چاك ببنەوە”.
سەرۆكی حكوومەت گووتیشی” ئەم هێرش و دوژمنكارییە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان هیچ هۆكارێكی نییە و بێپاساوە. ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەوەی لە تواناماندا بووە، كردوومانە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین و بە شێوەیەكی ئاشتییانە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشمان پەرە پێ بدەین. بەڵام بەداخەوە ئەم هێرشانە زۆر زۆر بێهۆكارن و نابێت بە هیچ جۆرێك بێ وەڵام بمێننەوە.
سەرۆكی حكوومەت، دەشڵێ: ئێمە دەزانین كە وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراقیش بەیاننامەیەكی بڵاو كردۆتەوە كە جێی دەستخۆشییە و هیوادارین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەروەها یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هێرشانە كە دەكرێنە سەر خەڵكی بێتاوان و بێدەسەڵاتی كوردستان، كۆتایی بێت و ڕێگەمان بدەن ئێمە بە ئاشتی و بە ئازادی لە وڵاتەكەی خۆمان بتوانین بژین.
مەسرور بارزانی، دووپاتیشی كردەوە: من جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم بۆ بەشداریكردن لەم هەڵمەتەی كە بووە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە ڕێگەی پتەوكردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان، زیاتر خزمەتی خەڵك و وڵاتەكەی خۆمان بكەین. هیوادارم بەردەوام بین و ئەم هەوڵانەش ڕێگر نەبن لەوەی كە ئێمە بە ئامانجەكانی خۆمان بگەین.