زاری كرمانجی-سۆران
فەرەنسا بەتووندی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە دەکات و دەڵێ “دڵنیایی دەدەینە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەتەواوەتی هاوسۆزین لەگەڵیاندا” و، پێویستە ئەو هێرشانە بووەستێندرێن.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی كانوونی دووهمی 2024 لەبارەی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ “فەرەنسا زۆر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.”
فەرەنسا سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەڵێ “ئەو کارانە پێشێلکردنی زەق و قبوڵنەکراون بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لێی. دەشبێتە هۆی زیادبوونی گرژییە هەرێمییەکان و پێویستە بووەستێندرێت.”
هەر وەک لە راگەیەندراوەکەی فەرەنسادا هاتووە “فەرەنسا حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکاتەوە لەوەی بەتەواوی هاوسۆزین لەگەڵیاندا.”