فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر هێرشەکەی شەوی ڕابردووی پارێزگای هەولێر داوای دانیشتنێکی پەرلەمان دەکات.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدرانی ئێران بۆسەر هەولێر کرد و، داواش دەکات” پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکە ببەستێت”.
هەروەها فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، رۆڵی خۆی بگێڕێت لە سەرکۆنەکردن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و، گرتنەبەری رێگە چارەی یاسایی و دیپلۆماسی بۆ وەڵامدانەوەی “ئەم دوژمنکارییە”.
هاوکات داواش دەکات رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق لە مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە رێگەی دانانی سیستەمی دژە مووشەک.
” داواش لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین هاوهەڵوێست بن لە سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە بەردەوامەنەی دەکرێنە سەر هەولێر و ئاسایش و سەروەری عێراق پێشێل دەکەن، بۆ هەموو لایەک روونبووەوە، ئامانجی هێرشەکانی ئێران، پێشێلکردنی سەروەری، تێکدانی ئاسایشی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستانە و، هەوڵدانە بۆ تۆقاندنی خەڵکەکەی”. (فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی پێکردووە)
فراکسیۆنەکە داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات هەڵوێستێکی جددییان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران بۆسەر عێراق و ناوچەکە بە گشتی و بێ دەنگ نەمێنن.