محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی:
بۆ بووژانەوەی كەرتی گەشتیاری لە قەزای شەقڵاوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بودجەیەك تەرخان دەكات بۆ شوێنە گەشتیارییەكانی شارەكە.
لە راگەیاندراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هاتووە” بە مەبەستی پەرەپێدانی شوێنە گەشتارییەكانی شەقڵاوە و چنارۆك، بۆ دروستكردنی كورسی و مێزی دانیشتن، گوژمەی شەست و هەشت ملیۆن و هەشت سەد و پەنجا و چوار هەزار دینار بۆ ئەو مەبەستە خەرج دەكرێت”.
لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی شارەوانی ئاماژە بەوەشكراوە” لەسەر ڕێژەی ١٥٪ی داهاتی كەرتی گەشتیاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بەپێی پلانی ساڵی ٢٠٢٢، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری خەرجكردنی ئەو گوژمەیەی داوە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی سێت كورسی و مێز تاك كورسیی دانیشتن بۆ گەشتیاران لە شوێنە جیاوازەكانی سنووری شەقڵاوە و چاككردنەوەی كەپری دانیشتن لە شوێنە گەشتیارییەكان لە چنارۆك.
قەزای شەقڵاوە یەكێكە لە شارە گەشتیاریەكانی هەرێمی كوردستان رۆژانە لە شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و شارە جیاوازەكانی هەرێم گەشتیاران و میوانان روو لە شارەكە دەكەن.