سعدالدین سلیمان
ڕاهێنان لە ناوەندەكانی خوێندن پڕۆسەیەكی دیداكتیكیە لە ژێر ڕۆشنایی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بۆ تواناداركردنی مامۆستایان بە كۆمەڵێك میتۆد و مۆدێل لە ناوەندەكانی خوێندن بەرجەستە بووە.
لە سەرتای مانگی ئەیلوولی ساڵی خوێندنی 2023-2024 پڕۆسەی ڕاهینانی مامۆستایان لە ناوەندەكانی خوێندن لە قۆناغی بنەڕەتی لە هەرێمی كوردستان هاوتەریب لەگەڵ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندن پێی ناوەتە قۆناغی كرداری لە سەر شێوازی مۆدیرن بە ئامانجی بە سەنتەركردنی قوتابیان لە فێربووندا.
دوای ئەوەی كە وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی ڕاهێنان و پەرەپێدانی پەروەردەیی(مەشق و ڕاهێنان) لە پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان دەستی كرد بە ئامادەسازی ڕاهێنەران لە ڕێگەی سازدانی كۆمەڵێك خولی ڕاهێنان بۆ سەدان مامۆستا، تاكو ڕێژەی پێویست لە ڕاهینەران بێنە بەرهەم بۆ ئەوەی سەرجەم مامۆستایان لە ناوەندەكانی خوێندن لەسەر شێوازی پێشكەوتووی هاوچەرخ لە وانە وتنەوەدا ڕاهێنان ببینن.
دیارە دوای تاو و توێ كردنی ئاماری قوتابخانەكان و بۆ هەر ڕاهێنەرێك (8-10) قوابخانە بە پێوست زانرا كە ڕاهێنانی تیدا ئەنجام بدات، ڕەزامەندی لەسەر كۆی (600) ڕاهێنەر وەرگیرا كە بتوانن ئەركی بەڕێوەبرنی پڕۆسەكە بگرنە ئەستۆ، بۆ ئەمەش هەر لە دوای كۆتایی هاتنی وەرزی دووەمی خوێندنی 2022-2023 خولی ئامادەسازی ڕاهێنەران كەوتە واری جێبەجێ بوون.
هەڵبەتە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە ڕێكارەكان خۆی لە چەند قۆناغدا بینیەوە وەك توماركردنی ناوی خوازیارانی ڕاهێنەری لە مامۆستایان بەپێی ئەو مەرجانەی كه لە ستراتیجیەتی ڕێنمایی وەزارەتدا داڕێژراون، ئینجا ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ یەكه بە یەكەی خوازیاران، پاشان سازدانی خۆلی (40) كاتژمێری بۆیان، دوای ئەوەی كەوا توانرا ژمارەی پێویست لە ڕاهێنەران دەستەبەر بكرێن پڕۆسەی دابەشكاری قوتابخانەكان بەسەر ڕاهێنەراندا دەستی پێكرد، هەر یەكێك لە ڕاهێنەران (8- 10) قوتابخانەی پێ سپێردرا بۆ پیادەكردنی ڕاهێنانی مامۆستایان لەسەر شێوازی هاوچەرخ لە وانە وتنەوەدا.
هاوكات لەگەڵ دەستپێكی دەستبەكار بوونی مامۆستایان بۆ ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 لە 3/9/2023 مامۆستایانی ڕاهێنەریش لە سنووری پەروەردەكانیان پەیوەندیان بە كارگێڕی قوتابخانەكانەوە كردو دیداری یەكەمی پڕۆسەی ڕاهێنانیان ئەنجامدا، كە ماوەی 10 ڕۆژ بەردوەوامی هەبوو بۆ ناساندنی پڕۆژەی ڕاهێنانی مامۆستایان لە ناوەندەكانی خوێندن، بە پێی بڕگه و بابەتەكانی ڕێبەری مامۆستایانی ڕاهێنەر بۆ كارگێری قوتابخانەكان و سەرجەم مامۆستایان لەگەڵ داڕشتنی پلان و پڕۆگرامی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە.
شایانی باسە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران كە چوار پەروەردە لە خۆ دەگرێ(سۆران، مێرگوسۆر” چۆمان، ڕواندز) 60 ڕاهێنەر هەفتانە سەردانی قوتابخانەكان دەكەن و ڕاهێنان بۆ مامۆستایانی 484 قوتابخانەی قۆناغی بنەڕەتی ئەنجام دەدەن، لەگەڵ یەكەمین زەنگی قوتابخانە زۆر چالاكانه و پەروەردەكارانە لە خشتەی وانەكاندا لە هەر قوتابخانەیەك وانەیەكی بۆ جێ كراوەتەوە و میتۆدێك بە مامۆستایان ئاشنا دەكەن، بە پێی پلان و ڕاسپاردەی وەزارەت كە لە ڕێبەری مامۆستای ڕاهێنەر ئاماژەی پێ كراوە، لە ماوەی یەك هەفتەدا تەواوی قوتابخانەكان سەردان دەكرێن.
زۆر گرنگە ئەوەش بگوتری كە لە وەرزی یەكەمی خوێندندا ڕاهێنەران زۆربەی مێتۆدەكانیان ئاشنا كردووە بە مامۆستایان، لەگەل ئەوەشدا لە هەفتەی شەشەمی ڕاهیناندا دیدەنی مامۆستایان لەلایەن ڕاهێنەرانەوە دیوێكی دیكەی پڕۆسەی ڕاهێنان بوو بۆ چاودێری پڕۆسه و بەرجەستە بوونی شێوازەكە و هەڵسەنگاندنی مامۆستایان لەسەر چۆنیەتی كاركردن لەسەر میتۆدەكان و بە سەنتەر كركردنی قوتابیان لە وانە وتنەوەدا.
جێگای سەرنج و تێڕوانینە كەوا پرۆسەی خوێندن لەم ساڵەدا جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بە شێوازێك دێتە بەر چاو كە هەرگیز لە ساڵی ڕابردوو ناچێ لە گەرم و گوڕی، چالاكی جۆراوجۆر، بەشداری كارای قوتابیان … هتد، گومان لەودا نیە ئەم پرۆسەی ڕاهێنانە ڕاستەوخۆ ڕۆڵی ئەرێنی دەگێڕێ لە بەرز كردنەوەی كارایی قوتابیان و ئەندازەی كاریگەری فێربوون، هەڵبەتە ئەمانە هەموویان هەواڵی دڵخۆشكەرن و هەنگاوی ئەرێنین لە هەمبەر ئەو پڕۆگرام و پڕۆژەی كە وەزارەتی پەروەردە پێی هەستاوە، لە ڕێگای پۆلێك لە مامۆستایانی ڕاهێنەر.
لێرەدا بە پێویست دەزانرێ كەوا هەر پەروەردەكارێك، كە لە هەر پێگە و ئەركێكدا بێت بە تایبەتی كارگێڕی قوتابخانەكان و مامۆستایان و لایەنەكانی دیكەی سێكتەری پەروەردە ئاوڕی پێویست لەو پڕۆژەیە بدەنەوە و هاوئاهەنگی بنوێنن، تاكو بڕگە و بابەتەكانی پڕۆژەكە وەك چۆن لە ڕێبەردا هاتووە جێبەجێ ببێ، بە ئامانجی ئەوەی كەوا پرۆسەی خویندن و كارامەیی و كارایی قوتابیان بگەیەنرێتە ئاستی چاوەڕوان كراو.