زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق ئیدانەی توندی دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەکات، کەشەوی رابردوو بە مووشەکی بالیستی بۆردومانی شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی کرد، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانی مەدەنی.
هەر لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ماڵەکانی نیشتەجێبوون، لەوانەش ماڵی بازرگانی کورد “پێشرەو دزەیی” کە بووە هۆی شەهیدبوونی و برینداربوونی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی.
لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، حکومەتی عێراق ئەم هەڵسوکەوتە بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق دەزانێت، وە سوکایەتیکردنە بە دراوسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەکە، هەروەها ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە کە هەموو ڕێکارێکی یاسایی بەرامبەر دەگرێتە بەر، لەوانەش پێشکەشکردنی سکاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش.
لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ پاڵپشتی هەڵوێستی حکومەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پێدانی بەڵگە و زانیاریی دروست، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رادەگەیەنرێت بۆ ئاگادارکردنەوەی عێراق و رای گشتی نێودەوڵەتی لەسەر راستییەکان و سەلماندنی درۆی بانگەشەی لایەنەکانی پشت ئەم کردەوە مەحکومانە.
ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.
دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: “کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد.”
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، “چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە”.
سوپای پاسداران لەبارەی هێرشکەوە رایگەیاندبوو، “ناوەندێکی سیخوڕیکردن و کۆکردنەوەی زانیاری”ـیان لە دژی ئێران لە نزیک هەولێر کردووەتە ئامانج؛ بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە.