زاری كرمانجی-سۆران:
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق هێرشە مووشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەو هێرشە دوژمنکارییانە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و ئاسایشی هەرێمی کوردستانە.
ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تویتەری پێشوو لە پەیامێکدا، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادی قوربانیانی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر دەکات و پشتیوانی خۆیی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە و نووسیویەتی” ئەم کردەوە دووژمنکارییەی ئێران دژ بە هەولێر سەرکۆنە دەکەم، کە بووەتە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و ئاسایشی هەرێمی کوردستان”.
کاتژمێر 11:30ـی شەوی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکێکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیل نشینی لە هەولێر بۆردومان کرد، بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان پێنج هاووڵاتیی سڤیل شەهید و شەش هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون، کە تەندروستیی هەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.