زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێک بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، گەیشتە وڵاتی سویسرا.
رۆژی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی هەرێمی کوردستان گەیشتە وڵاتی سویسرا بە مەبەستی بەشداریکردن لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس.
پێشتر لە راگەیەندراوێکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و جیهان کۆدەبێتەوە و لە دیدارەکانیدا، چەندین تەوەر و پرسی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی تاوتوێ دەکات، لەوانەش پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بەشداریی سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان و تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە ئایندەی عێراق و ناوچەکە بە گشتی هەیە”.
شاندی هەرێمی كوردستان لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان پێکهاتووە کە یەکەمجارە بەشداری لە داڤۆس دەکەن. هەروەها بە دەستپێشخەری و راسپاردەی سەرۆکوەزیران، ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکرێتەوە.
رۆژی (15ـی کانوونی دووەمی 2024) لە داڤۆسی سویسرا، 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهان دەستی بە کارەکانیکرد کە تاوەکو 19ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و کۆڕبەندەکە بە درووشمی” بنیاتنانەوەی متمانە” بە بەشداری 100 حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە جیهانییەکان، شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکان بەڕێوەدەچێت.