مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كوشتنی چەند فەرماندەیەكی میلیشیا شیعەكان لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا، وای لە شیعەكان كرد پاشەكشە بكەن لە هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و لە ئێستادا دەیانەوێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە كار لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بكەن، بەڵام توێژەرێكی پێشووی حكومەتی ئەمەریكا و شارەزا لە كاروباری عێراق ڕەتی دەكاتەوە كە هێزەكانی ئەمەریكا ئەو وڵاتە جێبهێڵن و دەڵێ ” ئێستا هیچ ئەگەرێك بۆ جێهێشتنی عێراق نییە.”
نۆرمان ڕیكلیفس، توێژەری پێشووی حكومەتی ئەمەریكا و شارەزا لە كاروباری عێراق لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق قسەی بۆ گۆڤاری “برێكینگ دیفێنس”ی ئەمەریكی كردووە و دەڵێ “كێشەیەكی یاسایی هەیە و ڕێگرە لە ڕۆیشتنی ئەو هێزانە، ڕاستە هێزی ڕاوێژكاریی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراق هەیە و دەتوانرێت لەسەر داوای بەغدا بڕۆن، بەڵام هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش هەن كە شەڕی داعش دەكەن، ئەوانە ئەگەر بەغداش داوای ڕۆیشتنیان بكات، دەمێننەوە و لە ئەركەكانیان بەردەوام دەبن.”
ڕۆژنامەی “پۆلۆتیكۆ”ی ئەمەریكی : لە بروسكەیەكی نهێنی دا، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئەمریكییەكانی گوتووە، لێدوانەكانی لەبارەی ڕۆیشتنی هێزەكانیان تەنیا هەوڵێكە بۆ هەڵمژینی تووڕەیی میلیشیاكان و جەماوەری ناوخۆیی
هاوكات ڕۆژنامەی “پۆلۆتیكۆ”ی ئەمەریكی بروسكەیەكی نهێنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریكییەكان ئاشكرا دەكات و نووسیویەتی “لە بروسكەیەكی نهێنی دا، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئەمریكییەكانی گوتووە، لێدوانەكانی لەبارەی ڕۆیشتنی هێزەكانی ئەمەریكا تەنیا هەوڵێكە بۆ هەڵمژینی تووڕەیی میلیشیاكان و جەماوەری ناوخۆیی.”