دەمانەوێت لەگەڵ تەواوی لایەنەکان لێک نزیک بوونەوەمان هەبێت
محەمەد مەحموود- سۆران :
لە میانەی دیدارێکی تایبەتی زاری کرمانجی بەهرام عەریف یاسین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقی ١٠ باس لەو پەیوەندەییانە دەکات لە گەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەیانە و دەڵێت ” لە ئایندەیەکی نزیک سەردانی مەڵبەندی یەکێتی دەکەین”.
لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی ” ئێمە دەمانەوێت لە گەڵ تەواوی حزب و لایەنەکان لێک نزیک بوونەوەمان هەبێت و هەموومان پێکەوە پرۆژەیەکمان هەبێ بۆ ئەوەی چۆن بتوانین بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و مامەڵەیەکی ڕاست و دروست و تەندروستمان لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەبێ بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە بتوانین خزمەتی زیاتر پێشکێشی هاوڵاتییان ئەم سنوورە بکەین”.
دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی لەم سنوورە بەرپرسی لقی ١٠ ئاماژەی بەوەدا ” دیارە لە مەڵبەندی سۆرانی یەکێتی ئاڵوگۆڕ کراوە ئێمە یەک دووجار برادەرانی مەڵبەندمان بینیوە ،خۆشمان وەکوو لق بڕیاری ئەوەمان داوە، بەرپرسێکی نوێ بۆ مەڵبەندی سۆران داندراوە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئێمە سەرەدانیان دەکەین ، بۆ گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی و دەستبەکار بوونی بەرپرسی نوێی مەڵبەند، لەگەڵ ئەوەشدا بتوانین باشتر لێک نزیک بینەوە، هەڵوێست و گوتارەکان لەم سنوورە زیاتر لە یەکەوە نزیک بێت”.