مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
53 ساڵ بەر لە ئێستا لە ناوچەیەكی ئەورووپا كە پلەكانی گەرما بۆ خوار ژێر سفر دابەزیبوو، بەفر سەرتاپای ناوچەكەی سپی پۆش كردبوو، لەو كاتە كلاوس شوابی ئابووریناسی گەورەی ئەڵمانی لەگەڵ 32 سەركردەی وڵاتانی دیكە لە ژوورێكی بچووك بە دەوری مێزێكدا كۆبوونەوە تا قسە لەسەر بابەتێكی گرنگ بكەن، دڵسۆزی و گەرمی گفتوگۆیی نێوان سەركردەكانی ئەو شەوە، كۆڕبەندی ئابووری داڤۆسی هێنایە بوون.
شارۆچكەی داڤۆس لە بناری چیای ئەڵپ لە سویسرا، ساڵانە یەك هەفتەی مانگی كانوونی دووەم دەبێتە شوێنی كۆكردنەوەی هەزاران سەرۆك و سەركردە و كەسایەتی جیهان.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی كانوونی دووەم، 54 هەمین كۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی” بنیاتنانەوەی متمانە” بەڕێوە دەچێت بە ئامانجی دروستكردنەوەی متمانە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ تەواوی جیهان سەرقاڵ دەكات.
لە 54 هەمین كۆڕبەندی داڤۆس 2024، نزیكەی 100 سەرۆكی وڵات و سەرۆكوەزیران و میوانی فەرمی ئامادە دەبن، هاوكات نزیكەی دوو هەزار و 800 كەسایەتیی سیاسی، ئابووری، زانستی، كەسایەتییە جیهانییەكان بەشدار دەبن.