شەهلا رەشید- چۆمان:
بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی دا، رایگەیاند:” لە سنووری قەزای چۆمان 14 بنكەی تەندروستی بوونی هەیە، هەروەها ئاماژەی بەو نەخۆشییانەش كرد كە لەم سنوورەدا زۆر بڵاون و ئاماری نەشتەرگەرییەكانیشی خستەڕوو.
د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” بەپێی پێداچوونەوە و ئامارەكانی ساڵی ڕابردوو لە بەڕێوەبەرایەتیمان، ئەو نەخۆشانەی كە ڕوو لە بنكە تەندروستییەكان كردووە، زیاتر بۆ هەوكردنەكانی كۆئەندامی میزەڕۆ و گورچیلەكان و نەخۆشییەكانی گورچیلە، هەوكردنی جومگەكان، پەتا وەرزییەكان بەشێوەی گشتی و هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە كە یەكێكە لە نیشانەكانی پەتاكان، ئەمانە زۆر بەربڵاون، هەروەها ئەو كێشانەی لە كۆئەندامی هەناسە ڕوودەدەن زیاتر ئەو گەشتیارانە تووشی دەبن كە هاوینان سەردانی سنوورەكەمان دەكەن، ئەمەش لە ئەنجامی زیادەڕووی كردنی خواردن یاخود مانەوەی هەندێك خواردنەكان بۆ ئەو ڕۆژانەی لەوێ دەمێننەوە.
سەبارەت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكانیش، ئاشكرای كرد” ساڵی ڕابردوو 120 نەشتەرگەری جۆراوجۆ ئەنجامدراون و زیاتریان هەوركردنی تورەگەی زراو، فتق، لەوزەتێن، ڕیخوڵە كوێرە، مایەسیری، گرێی چەوری،ئەو نەشتەرگەرییانەن كە ساڵی 2023 لە نەخۆشخانەی چۆمان ئەنجامدراون.
بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، ئەوەشی خستەڕوو” هۆڵی لە دایكبوونی منداڵان بە سروشتی هەم لە نەخۆشخانەی چۆمان و هەمیش لە بنكەی تەندروستی قەسرێ هەیە، ساڵی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی چۆمان 39 كۆرپە لەدایكبوونە لەوانەش 23 كوڕ و 16 كچ، هەروەها 196 منداڵیش لە دەرەوەی نەخۆشخانە لەدایكبوونە لەوانەش 96 لە ڕەگەزی نێر و 100 لە ڕەگەزی مێ بوونە