مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وا بڕیار بوو شەوی ڕابردوو سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵببژێررێت، ئەگەرچی دانیشتنەكە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ درێژەی كێشا، بەڵام هیچ كام لەم پێنج كاندیدەی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، نەیتوانی ژمارەی پێویستی دەنگەكان بەدەستبهێنێت.
دوێنێ ئێوارە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 314 پەرلەمانتار، بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی بۆ ئەنجوومەنەكە بەڕێوەچوو، لە گەڕی یەكەمی دانیشتنەكەدا هیچ كام لە كاندیدانی سەرۆكی ئەنجوومەن نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، بۆیە گەڕی دووەمی دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
بەپێی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران (سالم عیساوی 97 دەنگ، شەعلان كەریم 152، تەڵال زەوبەعی 1، عامر عەبدولجەبار 6، مەحموود مەشهەدانی 48 دەنگ ) یان بەدەستهێناوە و 10 دەنگی پووچەڵیش هەبوو. لە ڕاگەیاندنی ئەنجوومەن ئەوەش هاتووە كە كاندیدی براوە پێویستی بە زۆرینەی ڕەها یان 165 دەنگە بۆ بەدەستهێنانی كورسیی سەرۆكی ئەنجوومەن، بۆیە لە گەڕەی دووەمی دەنگدان لە نێوان دوو كاندید (شەعلان كەریم و سالم عیساوی ) كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە ئەنجام دەدرێت .