وەزارەتی بازرگانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە مانگی رەمەزاندا چوار ماددەی دیكەی خۆراكی زیاد دەكرێت و دەست بە ئامادەكارییەكان كراوە تا 11 ماددەی خۆراكی لە هەموو عێراق و لە ماوەیەكی كورت بەسەر هەموو هاووڵاتییان دابەش بكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی كانوونی دووەم، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا هاتووە” لە ئەمڕۆوە ئامادەكارییەكان بۆ دابەشكردنی مادە خۆراكییەكانی مانگی رەمەزان دەست پێ دەكات، هەروەها بڕیار درا بە زیادكردنی چوار مادەی خۆراكی بۆ بەشەخۆراكی مانگی رەمەزان”.
زیاتر روونكراوەتەوە ” سەبەتەی خۆراكەكە جیاواز دەبێت و مادەی تری خۆراكی تێدا زیاد كراوە وەك نیشاستە، شەعرییە، مەعكەڕۆنی و ئاردی سفر، مادە بنەڕەتییەكان بریتین لە شەكر، زەیت، ئاوەتەماتە، برنج، ئارد، پاقلەمەنییەكان كە دوو مادەی خۆراكی بەدەست دەهێنن”.
هەروەها باس لەوەش كراوە” سەرجەم خێزانەكانی عێراق بەبێ جیاوازی وەریدەگرن و لە مانگی رەمەزان بە 10 ڕۆژ هەمووی دابەش دەكرێت.”