زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای دیکە ئامادە بوون گوتی، لەبەر نەبوونی بودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی “زۆر خراپدا” دەژین و داوایکرد کێشەکە بەزوویی چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، لە شاری بەغدا بە بەشداری نێچیرڤان بازرانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی حیزبی رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم ناسراو بە “شەهیدی میحراب” بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد.
“دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندی دەستوور بن”
نێچیرڤان بارزانی گوتی، “گەلی عێراق بۆ رزگاربوون لە چەوساندنەوە و رزگاربوون لە تیرۆر، شەهید زۆری داوە، باشترین وەفاداری بۆ یاد و رۆحی شەهیدان گەشەپێدانی ئاوەدانی و خۆشکردنی ژیانی خەڵکی عێراق و دابینکردنی دواڕۆژێکی گەشە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ژیانی محەممەد باقر حەکیم کرد و گوتی، “شەهیدی دەستی تیرۆر، لە دوورەوڵاتەوە هاندەرێکی سەرەکی خەباتی پێکەوەیی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق بوو بۆ رزگارکردنی گەل لە چەوساندنەوە و دیکتاتۆرییەت؛ دەبێت بە کردەوە وەفاداری خۆمان بۆ شەهیدی میحراب و هەموو شەهیدان نیشانبدەین، ئەویش بە نەهێشتنی هەموو جۆرێکی چەوساندنەوە و نایەکسانی لەگەڵ دوورکەوتنەوەی هەموو حیزبەکان لە گواستنەوەی رکابەری نێوانیان بۆ نێو کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی عێراق”.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە پەیوەندی ئیدریس بارزانی و سەرۆک بارزانی، مام جەلال و شەهید باقر حەکیم کرد و گوتی، “پێکەوە کارکردن و یەکێتی نێوان شەهیدی میحراب و باوکی خوالێخۆشبووم ئیدریس بارزانی، هەروەها لەگەڵ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی خوالێخۆشبوو مام جەلال و لایەن و سەرکردەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی، ئەو کات خۆشەویستی نێوان گەلی چەوساوەی عێراقی بەهێز دەکرد. ئێمەی نەوەی دوای ئەوانیش دەبێت ئەو خۆشەویستییە بەهێزتر بکەین، نەوەک تێکی بدەین”.
لە بەردەوامی گوتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، “رابەری شۆڕشی کوردستان خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی پەیوەندییەکی بەردەوامی لەگەڵ مەرجەعییەتی باڵای عێراق هەبوو؛ فەتواکانی ئایەتوڵڵا عوزما موحسن حەکیم، لەگەڵ ئایەتوڵڵا عوزما محەممەد باقر سەدر لە ساڵەکانی 1965 و 1974 لەژێر حوکمی دیکتاتۆرییدا بێ گوێدانە مەترسییەکانی ژیانیان فەتوای زۆر هەقپەرستانە بوون. ئەو دوو مەرجەعە گەورەیە فەتوای حەرامکردنی شەڕی کورد و پێشمەرگەیان دا. گەلی کوردستان هەرگیز فەتواکانیان لەیاد ناکات”.
نێچیرڤان بارزانی گوتی، “نابێت بە رق و دووبەرەکی، ئێستا و داهاتوو تێکبچێت و داوای کرد، هەموو لایەنەکان پابەندی دەستووری عێراق ببن.”
رێوڕەسمی “شەهیدانی میحراب”
“لەبەر نەبوونی مووچە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدا دەژین”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا گوتی، “ئێستا لەبەر نەبوونی بودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و ئەوە کاریگەرییەکی خراپی کردووەتەسەر هەموو کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان. زۆر پێویستە ئەو کێشە گەورەیە بەزوویی چارەسەر بکرێت، ئەوەش بەرپرسیارێتی هەموومانە، چونکە هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرەکانی بەشێکن لە عێراق. بۆیە داوا لە تەواوی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان، فراکسیۆنەکان و هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم پشتیوان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان”.
“هێرشە درۆنییەکان زیانیان لە هەرێمی کوردستان داوە”
نێچیرڤان بارزانی بە بایەخەوە باسی لە کارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد؛ هەروەها باسی لەو هێرشانە کرد ناوبەناو لە رێگەی درۆنەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و گوتی، “پێشێلکردنی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق [محەممەد شیاع سوودانی] بە هێرش بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە کاری حکومەت تێکدەدات و ئاڵۆزی دروست دەکات؛ ئەو هێرشانە زیانێکی زۆریان بە ئاسایش و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە و دڵە راوکێی لە هەموو بازاڕی عێراقیشدا دروستکردووە، دەرفەتیشی داوەتە تیرۆریستانی داعش هێرشەکانیان زۆرتر بکەن”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کرد و گوتی “هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داوای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوون؛ پێویستە دەرفەت بدرێتە حکومەتی فیدراڵی و بەڕێز سەرۆکوەزیران سوودانی کە بە گوێرەی پێویست بە پلانێکی هاوبەش لە زەوینەکی ئارامدا گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات، بۆ رێککەوتن لەسەر داهاتووی هاریکاری نێوان هاوپەیمانان و عێراق. دەبێت دەزگا نیشتمانییەکانی عێراق کاری خۆیان بکەن، بەپێچەوانەوە خەڵکی عێراق دەخرێنە کێشە و ئاڵۆزیی نوێوە، لەکاتێکدا عێراق لەئێستادا زیاتر لە هەموو شتێک پێویستی بە پاراستنی سەقامگیرییەکەی هەیە”.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند سەرکردەیەکی عێراق
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
به ناوی خوای بهخشندهی میهرهبان
ئامادەبووانی بەڕێز،
ڕۆژتان باش..
ئەمڕۆ پێكهوه لە یادێکی گرنگدا بەشدارین، کە ڕۆژی شەهیدی عێراقی و یادی (21) ساڵەی شەهیدکردنی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەکیمه (قُدِّسَ سِرُّهُ). گەلی عێراق بۆ رزگاربوون لە چەوسانەوە و لەنێوبردنی تیرۆر، زۆر شەهیدی داوە. باشترین وەفاداری بۆ یاد و رۆحی شەهیدان، گەشەپێدانی ئاوەدانی و خۆشکردنی ژیان و گوزهرانی خەڵکی عێراق و دابینکردنی دواڕۆژێکی گەشە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو.
شەهیدی میحراب، شەهیدی دەستی تیرۆر، ئایەتوڵڵا محەممەد باقر حەکیم، لە دوورەوڵاتیدا، رابەر و هاندەرێکی سەرەکیی یەکبوونی خەبات و کاری پێکەوەییی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بوو. یەکبوونی ئەوكات، بۆ رزگارکردنی گەل بوو لە چەوساندنەوە و له دیکتاتۆری.
ئێستا ئێمه کە لە عێراقی ئازادکراو لە دیکتاتۆری، یادی شەهید ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەکیم دەکەینەوە، دەبێت بە دوو شێوە، بە کردەوە وەفاداریی خۆمان بۆ شەهیدی میحراب و هەموو شەهیدان نیشان بدەین. ئەویش به نەهێشتنی هەموو جۆرێكی چەوساندنەوە و ناعهدالهتی، لهگهڵ دوورکەوتنەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان، لە گواستنەوەی رکابەری و ناکۆکیی سیاسیی نێوانیان، بۆ ناو کۆمەڵگە و نەتەوە و پێکهاتەکانی تری عێراق.
پێکەوەکارکردن و یەکێتیی نێوان شەهیدی میحراب و باوکی خوالێخۆشبووم ئیدریس بارزانی، ههروهها لهگهڵ جهنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی خوالێخۆشبوو مام جەلال و لایەن و سەرکردەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی، ئهوكات خۆشەویستیی نێوان گەلی چەوساوەی عێراقی، بەهێز دەکرد.
ئێمەی نەوەی دوای ئەوان، دەبێ ئەو خۆشەویستییە بەهێزتر بکەین، نەک تێکی بدەین. بەهێزکردنی یەکسانی و خۆشەویستیی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق، رێگەی ڕابەر و سەرکردەکانمانە. پێچەوانەکەی، ڕێگەی ئەوان نییە و دژی رێبازی ئەوانە.
ئەوەی رابەرانی خەبات و بزووتنەوەی سیاسیی ئێمە دەیانکرد، لە باكگراوهند و قووڵایییەکی گەورەوە دەهات. زانا و ڕابەرانی ئایینیمان، بە زانست و زانینی خۆیان، روانگەیەکی فراون و مرۆڤانەیان هەبوو، لەبەرئەوەش مەرجەعیەتی گەورە لە نەجەف، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ بارزان و زانایانی کوردستان بەگشتی هەبوو.
رابهڕی شۆڕشی کوردستان خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی، پەیوەندییەکی بەردەوامی لەگەڵ مەرجەعیەتی باڵادا لە عێراق هەبوو. فەتواکانی ئایەتوڵڵا عوزما موحسین حەکیم، لهگهڵ ئایەتوڵڵا عوزما محەمەد باقر سەدر له ساڵهكانی 1965 و 1974 لەژێر حوکمی دیکتاتۆریدا، بێ ئهوهی گوێ به مەترسییەکانی سەر ژیانیان بدهن، فەتوای زۆر هەقپەرستانە بوون. ئەو دوو مەرجەعە گەورەیە، فەتوای حەرامکردنی شەڕی کورد و پێشمەرگەی کوردستانیان دا. گهلی كوردستان ههرگیز فەتوا مێژوویی و هەڵوێستەكانی ئهوان، لەبیر ناکات.
ئەم یادانە گرنگن، بۆ ئەوەی هەموومان ئێستاش بە کردەوە، ئەو ڕابردووە جوانەمان بپارێزین. ئەو رابردووە بە روانگەی فراوان و بە هەبوونی پەیوەندی و خۆشەویستی كه دروست بووە، نابێ بە بڵاوکردنەوەی ڕق و ناکۆکی و دووبەرەکی، ئێستا و داهاتوومان تێک بچێت، بەڵکو دەبێ بە خۆشەویستی و پەرەپێدانی هاوبەشییهكانمان، بەهێزتری بکەین.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
جگە لەو رابردووە، ئەمڕۆ ئێمه سەرچاوەیەکی گرنگ و گەورەی یاساییمان هەیە بۆ پێشکەوتن و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی هاوبەشی پێکهاتەکانی عێراق. لە ساڵی 2005ـەوە دەستوورێکمان هەیە. رۆحی دهستوور بریتییە لە دروستکردنی دیموکراسی، دادپەروەری و دابەشکردنی دەسەڵات و سیستەمی فیدراڵی. جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی، رابردووی جوانی کۆمەڵگەمان دەپارێزێت و ئێستا و داهاتووشمان باشتر دەکات.
بۆیه ئێستا کە لێرە زۆر لە بهڕێزان سەرکردە و بەرپرسانی گەورەی عێراقی دانیشتوون، داوا دەکەم هەموومان پێکەوە پابەندی ئەو دەستوورە بین. دەستوور، یەکسانیی هەموو پێکهاتە و هەرێم و پارێزگاکانی عێراق و سهقامگیریی وڵات دەپارێزێت.
بەڕێزان..
ئێستا لهبهر نەبوونی بودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین. ئەوە کاریگەرییەکی زۆر خراپی کردووەتە سەر هەموو کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان. زۆر پێویستە ئەو کێشە گەورەیە، بە زوویی چارەسەر بکرێت. ئەمەش بەرپرسیاریهتیی هەموومانە، چونکە هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی ههرێمی كوردستان، بەشێکن لە عێراق.
بۆیه داوا لە تهواوی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان، فراکسیۆنەکان و ههموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم، پشتیوان بن بۆ چارهسهركردنی كێشهی بودجه و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
بەڕێزان..
حکوومەتی عێراقی فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی برای بەڕێزمان محەممەد شیاع سوودانی، بە باشی کاری کردووە، ئەوەش پێگەی عێراقی بەهێز کردووە. ئەو شێوە کارکردنە، دەتوانێت پێگەی عێراق بەهێزتریش بکات. بەڵام پێشێلکردنی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هێرش بۆ سەر نێرده دیپلۆماسییهكان و هێزهكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە، کاری حکومەت تێکدەدات و ئاڵۆزییەکی زۆر و هەمەلایەنە لە عێراق دروست دەکات.
ئەو هێرشانە زیانێکی زۆریان بە ئاسایش و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، بووهته هۆی ئهوهی دڵەڕاوکێ بە هەموو بازاڕی عێراقدا بڵاو ببێتهوه، هەروەها دەرفەتی داوەتە تیرۆریستانی داعش کە هێرشەکانیان زۆرتر بکەن.
هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داوای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوون. پێویستە دەرفەت بدرێتە حکومەتی فیدراڵی و بهڕێز سەرۆک وەزیران سوودانی بەپێی پلانێکی هاوبەش و له زهمینهیهكی ئارام و بێ كێشهدا گفتوگۆیان لهگهڵدا بكات، بۆ رێككهوتن لهسهر داهاتووی هاریكاریی نێوان هێزهكانی هاوپهیمانان و عێراق.
عێراق دەوڵەتێکی خاوهن دەزگای نیشتمانییه، دەبێت ئەو دەزگایانە کاری خۆیان بکەن، بە پێچەوانە خەڵکی عێراق دەخرێتە کێشە و ئاڵۆزیی تازەوە، لە کاتێکدا عێراق ئێستا زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە پێویستی بەوەیە سەقامگیرییەکەی تێک نەدرێت.
لە کۆتاییدا، سوپاسی برای بەڕێزم سەید عەممار حەکیم دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم رێوڕەسمە. سڵاو دەنێرم بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدی میحراب ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەکیم و ڕۆحی خوالێخۆشبوو سەید عەبدولعەزیز حەکیم و هەموو شەهیدانی عێراق.
هیوای سهركهوتن بۆ ههموو لایهكتان دهخوازم،
زۆر سوپاس..