پشتیوان کەریم – زاری کرمانجی:
بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” نووسینگەی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران بەردەوام لەسەر هێڵە لەگەڵ (یوو ئێن) و بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان، بۆ ئەوەی زیانەکانی ئەو جووتیار و مەڕدار و هەنگەوانانەی لە ناوچە سنوورییەکانی دەڤەری برادۆست بە هۆی تۆپبارانەوە بەریان کەوتووە بخەملێندرێن، بەڵام بەهۆی نا ئارامی ناوچەکە تا ئێستا ئاگاداری زەرەر و زیانەکان نین “.
عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، ڕوونیشیکردەوە:” لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بەردەوام لەسەر هێڵین، لە کاتی بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچەکە، تاکوو بتوانین بە هانایانە بچین، هەروەها تا ئێستا کەمپی ئامادە لە سنووری دەڤەرەی برادۆست نییە، پێشتر بە هۆی هاتنی زۆرێک لە ئاوارە بۆ ناو هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2014 – 2015 نزیکەی 200 کەرهڤانەی سەفەری (کابینە) لەو شوێنە هەبوون، بەڵام دواتر تەواوی کەرهڤانەکانمان گواستنەوە بۆ کەمپی باسورمە، ئێستاش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و دام و دەزگا حکومی و خێرخوازییەکان بەردەوامین بۆ ئەوەی بتوانین کەمپێک بۆ حاڵەتی پێویست دروست بکرێت کە تا ئێستا هیچ کەمپێک لە ناوچەکە نییە”.