زاری كرمانجی-سۆران:
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: لەم کابینەیە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی تایبەتی بە کشتوکاڵ و ئاو داوە، ساڵی ڕابردوو دەرگایەکی بەڕووی دەرەوەدا کردەوە بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ، بەمەش جووتیاران ھاندەدرێن بەرھەمیان زیاتر بکەن، جگە لەوەش پلان و بەرنامە ھەیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی خانووی پلاستیکی و شوشەیی و ساردکەرەوە بەرھەمی چوار وەرزەمان ھەبێت.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: لە سەردەمی کابینەکانی ڕابردوو ھێندەی ئەو کابینەیە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەی ئاو نەدراوە، بۆیە لەم کابینەیەدا حکوومەت گرنگی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەی ئاو داوە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ستراتیژیەتێکی ھەیە “بۆ ئەوەی وڵاتمان ئاوەدان بێت، پێویستە کەرتی کشتوکاڵ و ئاو پێشبخرێت”، ئەوە بابەتێکە سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی پێدەدات، بۆیە ئەم وەزارەتە بەرنامەی تایبەت بەخۆی و پشتگیرییەکی زۆریشی ھەیە، بۆیە حکوومەت گرنگی بە کشتوکاڵ و ئاو دەدات کە تەواوکەری یەکترن، چونکە لە دواین ڕاپۆرتی گۆڕانکاری کەشوھەوا لە جیھان باس لەوە دەکات، ھێندەی کاریگەری لەسەر عێراق و ھەرێم ھەیە لەسەر ھیچ وڵاتێکی دیکە نییە.
کەریم سلێمان گوتیشی: گرنگە ئێمە بەرھەمی ناوخۆمان ھەبێت و پشتگیری بکەین و ڕێگای بۆ بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆ ئەوەی جووتیاری ئێمە ھانبدرێت زیاتر بەرھەم بچێنن و لە ھەموو بوارەکاندا بەرھەممان زیاتر بێت، بۆیە سیاسەت و پلانی ئێمە ئەوەیە چوار وەرزە بەرهەمی ناوحۆمان ھەبێت، ماوەیەکی زۆرە گرنگی بە چاندنی مۆدێرن دەدرێت، ئەوانیش خانووی پلاستیکی و شوشەیین تا بتوانین کەشوھەوایەک دروست بکەین ھەر شتێک بەرھەم بێنین بۆ ھەر چوار وەرز بێت، جگە لەوە دروستکردنی ساردکەرەوەش لە ھەرێمی کوردستان زۆر فراوان بووە، چونکە بەرھەمەکان کاتی خۆیان ھەیە بۆ بەرھەمھێنان و کۆتایی پێدێت، بەڵام لەڕێگەی ئەو ساردکەرەوانە دەتواندرێت ئەو بەرھەمانە بۆ ھەرچوار وەرزی ساڵ ھەڵبگیرێن، ئەمانەش ھەنگاون بۆ ئەوەی بەرھەمی چوار وەرزەمان ھەبێت.
سلێمان باسی لەوەش کرد: ساڵی ڕابردوو کارێکی زۆر باشمان ئەنجامدا و زۆر کەس باس لەوە دەکات ھەناردە ڕێژەکەی کەمبوو، بە نموونە ھەناردەکردنی ھەنگوین بەوشێوەی ئامادەکراوە و ھەناردەی قەتەر کرا، بەڵام ئەمە دەبێتە ھەنگاوێک بۆ ئەوەی ھەنگەوانەکان زیاتر پەرە بەکاری خۆیان بدەن لە بەخێوکردن و بەرھەمھێنانی ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی زیاتر ڕەوانەی دەرەوە بکرێت، بۆ سێویش بەھەمان شێوە ھەندێک کۆمپانیا ھاتن گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاران کرد و سێویان بردە دەرەوەی وڵات، ئەمەش وادەکات لەجیاتی ئەوەی جووتیاران گلەیی بکەن سێوەکانیان بەخەسارەت دەچێت ئێستا کۆمپانیا دەچێتە لایان و سێویان لێ دەکڕێت، حکوومەت بەو ڕێگایەی کردییەوە جووتیاران ھاندەدات بەرھەمەکانیان زیاتر بکەن و زیاتریش ھەناردەی دەرەوەی وڵاتی بکرەن.