شەهلاسۆفی-زاری کرمانجی:
بەهرام عەریف یاسین، ئەندامی کۆمیتەی ناەندی و بەرپرسی لقی 10 پارتی دیموکراتی کوردستان بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند:” پارتی دیموکراتی کوردستان پێگەی ئافرەت بە گرنگ دەزانێت و دەرفەتێکی باش ڕەخساوە و بەشێک لە ئافرەتان بە دەنگی خۆیان بوونە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان. خۆشبەختانە بە بڕیاری سەرکردایەتی و سەرۆک بارزانی و جێگرانی سەرۆک و دەستەی مەکتەبی سیاسی یەکێک لەو ئافرەتانە بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی.”
ئاماژەیدا :” لەم سنوورە لە پۆستە ئیدارییەکان پێداچوونەوەی جدی دەکەین و دەبێت ئافرەتان لە ئیدارەدان هاوشانی پیاوان بەشدار بن، لە هەر شوێنێک ئافرەتێکمان بینی توانای هەیە و خۆی پێگەیاندووە توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری هەبێت پاڵپشتی دەبین و پێشنیاری دەکەین، بۆ تیمی خۆمان لە حکومەتی هەرێم و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ئەوەی لە شوێنێکی شیاو دامەزرێت و سوودی لێوەربگیرێت و خزمەت بکات، هەرچەندە لە ئێستادا بەشێک لە بەڕێوبەرایەتییەکان ئافرەتی زۆری تێدایە بەڵام بۆ نەهێشتنی ئەم گلەییە لە داهاتوودا هەم کەسێک لە دەستەی کارگێڕێ لقی 10 وەک کارگێڕ گەر ئافرەتێکی لێ هاتوو هەبێت دای دەنێین، هەم لە پۆستە ئیدارییەکانیش کەسانی تێگەیشتوو پێگەیشتوو توانای کاریان هەبێت و متمانەیان بە خۆیان هەبێت دەتوانن شان بە شانی پیاوان کار بکەن، ئێمەش پاڵپشتیان دەبین بۆ ئەوەی بتوانن ئەدای پێویست پێشکەش بکەن.”
سەبارەت بە پێشکەشکردنی سیڤی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:” هەموو ئەندامێکی پارتی مافی هەیە خۆی کاندید بکات، بەڵام باشترین کەسەکان و بەتواناترینیان هەڵدەبژێرین چونکە ئەوان دەبنە نوێنەری خەڵک لە پەرلەمان٫ بۆیە ژمارەیەکی زۆر سیڤی پێشکەش کراوە، ڕەنگە ئەمجارە پۆلێن بەندی بکرێت و کەسانی شایستە بە پێی ئەم پۆلێن بەندیە دەستنیشان بکرێن، بۆ ئەوەی ببنە نوێنەری خەڵک و جەماوەری پارتی لەسنورەکەمان، بەشێک لەو نوێنەرانە ئافرەت دەبن، بەڵام دەبێت کۆمسیۆن بڕیار بدات ئایا هەرێمی کوردستان چوار بازنەییە، یان یەک بازنەییە و چەند ئەندام بەرسنووری ئێمە دەکەوێت و دەبێت لە سەدا چەندی ئافرەت بێت.