ئێوارەی هەینی ١٢ ی کانوونی یەکەم جارێکی تر بە درۆن هێرشکرایە سەر سەربازانی ئەمەریکا لە سەربازگەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.
هێزەکانی مقاوەمەی ئیسلامی سەر بە ئێران ئەمشەو هەینی رایانگەیاند کە بە چەند فڕۆکەیەکی درۆن هێرشیان کردۆتە سەر سەربازانی ئەمەریکا لە سەربازگەی عەین ئەسەد.
ئەو هێزانە تا ئێستا هیچیان لەبارەی زیانە گیانییەکانی ئەو هێرشەوە و ژمارەی درۆنەکانەوە رانەگەیاندووە.
هێزەکانی ئەمەریکاش لە بارەی ئەو هێرشەوە هیچ راگەیاندنێکیان بڵاونەکردۆتەوە.
شەوی رابردوو بازنەی شەڕی نێوان ئیسرائیلییەکان و ئەمەریکا بەرامبەر فەلەستین و هاوپەیمانە ئێرانییەکانی فراوانتربوو کاتێک لە رێگای زەوی بە مووشەک و لە رێگای فڕۆکەوە هێرشیان کردە سەر حوسیەکانی یەمەن و ١٠٠ بنکەی ئەو هێزانەیان کردە ئامانج.