زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
لە هەندێك ناوچەی مێرگەسۆر بەهۆی دارمانی شاخ زیان بە ڕێگاوبانەكان كەوتووە، لە هەمان كاتیشدا بەفرێكی زۆر باریوە، بەتایبەتی لە مزووری باڵا، ئەوەش وای كردووە كە فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی مێرگەسۆر، لە ڕێگەی چەندین تیمەوە خەریكی خاوێنكردنەوەی ئەو ڕێگاوبانە بن بۆ ئەوەی گرفتی هاتووچۆ دروست نەبێت.
ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا باران و بەفرێكی زۆر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر باریوە، ئەوەش بووەتە هۆی دارمانی شاخ بۆ سەر ڕێگاوبانەكان بەتایبەتی ڕێگای بارزان – دارا دازان، لەگەڵ ڕێگای پیران، ئێستا تیمەكانمان خەریكی خاوێنكردنەوەی ئەو ڕێگاوبانانەن.
بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی مێرگەسۆر، گوتیشی: شەوی ڕابردوو لە سنووری ناحیەی شێروان مەزن، بەتایبەتی لە مزووری باڵا بەفرێكی زۆر باریوە، ئێستا تیمهكانمان خەریكی خاوێنكردنەوەی ڕێگاوبانەكانن، بۆ ئەوەی گرفتی هاتووچۆ دروست نەبێت.