شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی و ڕاهێنەری توانا عەقڵییەكان، دەڵێت” كۆ نیشانی (x) پەتایەكی بێ دەنگ و لەسەرخۆ و ترسناكە، كۆمەڵێك نیشانەی ناتەندروستن و لە ئەنجامی گۆڕان و شێوازی ژیان ڕوودەدات.
د. خاڵس قادر، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و ڕاهێنەری توانا عەقڵییەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” ئەم جۆرە نەخۆشییە لەسەر خۆ و ترسناكە كۆمەڵێك نیشانەی ناتەندروستن، بەسەریەكەوە لەهەر كەسێكدا هەبن دەبنە هۆكاری زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ، جەڵتەی دڵ و مێشك، گیرانی لولەكانی خوێن لەجەستەدا، ئەمەش بەهۆی خراپی خواردن، تەمبەڵی، سستی جەستە و هەروەها لە ئەنجامی گۆڕان و تێكچوونی شێوازی ژیان ڕوودەدات.
ئەم پزیشكە گووتیشی” ئەم جۆرە نەخۆشییە لە پێنج نیشانە پێك دێت، هەر كەسێك سێ لەو نیشانانەی هەبێت، بە تووشبووی ئەم پەتایە ئەژماردەكرێت، نیشانەكانیشی بریتین لەمانەی خوارەوە:
-قەڵەوی و ورگن، چیوەی كەمەری پیاو لە 102 سم زیاتر و هەروەها هی ئافرەتیش لە 88 سم زیاتر بێت.
-پەستانی خوێن 85/130 زیاتر بێت.
-خواردنی شەكرەی بەبێ نان لە 100 ملگم زیاتر بێت.
-چەوری سیانی ( چەوری ژێر پێست) زیاتر بێ لە 150
-چەوری كۆلیستڕۆلی باش HDL بۆ پیاو لە 40 ملگم كەمتر و هەروەها بۆ خانمانیش لە 50 كەمتر بێ
ئەم پزیشكە ئاماژەی بەوەشكرد” هەر كەسێك سێ لەمانەی خوارەوە هەبوو ئەوا مەترسی تووشبوونی بەو نەخۆشییانە هەیە، لەوانەش:
-شەكرەی جۆری دووەم، ئەگەر تا ئێستا تووش نەبوو بێت.
-پەستانی خوێن، ئەگەر تا ئێستا نەبوو بێت.
-نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك
-چەوری سەر جگەر
-تێكچوونی فەرمانەكانی گورچیلە و كەمبوونی ئەلبۆمین و پڕۆتین
-فرە كیسی هێلكەدان لە كچ و ژنان
-بەردی زراو
-كۆنیشانی هەناسە و وەستانی لە كاتی خەو
د. خاڵس قادر، ئاشكراشی كرد” چارەسەرییەكان گۆڕینی شێوازی ژیانە و لایەنی كەم چوار لەم خاڵانەی خوارەوە پەیڕەو بكە، كە بریتین لە:
-وازهێنان لە تەمبەڵی و وەرزشكردن، ڕۆژانە 30 بۆ 60 خولەك ڕۆیشتن بە پێ.
-كەمكردنەوەی خواردنی شەكر و شیرینی
-زیادكردنی خواردنی سەوزە و میوەی جۆراوجۆر ، هەر جارەی بڕێكی كەمی لێ بخورێت و چەند جارێك لە ڕۆژێكدا.
-دابەزاندنی كێش، كەمكردنەوەی چیوەی كەمەر و دابەزاندنی ورگ
-ئاگاداری ئاو خواردنەوە بە و ڕۆژانە 8 پەرداخ ئاو بخۆرەوە.
-خەوت ڕێكبخەوە، باشترین خەو لە نێوان 11ی شەو بۆ2 ی بەیانیە، ئەو كاتانە لەدەست مەدە.
-خۆخاوكردنەوە و كەمكردنەوەی فشاری دەروونی