زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان و ململانێی چەکداری ئامادەیی تەواوی بۆ هاریکاری و هەماهەنگیکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە پاراستنی مافەکانی منداڵان دەربڕی.
رۆژی پێنجشەممە (11ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانی، سهرۆكی حکومەتی ههرێمی كوردستان، پێشوازی له ڤیرجینیا گامبا، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان و ململانێی چەکداری کرد.
له کۆبوونەوەکەدا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، کورتەیەکی لهبارەی کار و چالاکییەکانیان و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خستە ڕوو. ستایشی هەوڵ و رێکار و پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد لە بواری پاراستنی مافەکانی منداڵان.
هاوکات نوێنەرە تایبەتەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان خۆشحاڵیی خۆشی نیشاندا کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تێگەیشتنێکی باشی لەبارەی گرنگیی پاراستنی مافەکانی منداڵان و ئەرک و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بەم بوارە هەیە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئامادەیی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و هەماهەنگیکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە پاراستنی مافەکانی منداڵان دەربڕی.