د. گەشین كەمال
قژ یەكێكە لەو بەشە گرنگەی مرۆڤ كە زۆر دیار و بەرچاوە، تەنانەت زۆربەی كەس زیاد لە پێویست گرنگی پێدەدەن و بە جۆرەها شێوە دەیڕازێننەوە، بەڵام هەڵوەرینی قژ بە چەندین هۆكار وا لە كەسەكان دەكات كە زوو هەوڵی چارەسەری بدەن و بە جوانی و پڕی بیهێڵنەوە، بۆیە جۆرەكانی قژ وەرین بە گشتی ئەم جۆرانەن كە زۆر باون.
- دەردەڕێوی یان سەر رووتانەوە، هۆكارەكەی زیاتر بۆماوەییە لە كوڕان و كچاندا روودەدات دوای تەمەنی هەرزەكاری و قژ لە بەشی پێشەوە بۆ ناوەڕاست هەڵدەوەرێت و تەنك دەبێتەوە.
-دەردەڕێوی بەش بەش، جۆرێكی تر لە جۆرەكانی هەڵوەرینی قژ و بەش بەشی قژ مووی پێوە نامێنێت و سەر پەڵە پەڵە دەبێت، هەندێك جاریش وا دەكات كە قژەكە بە تەواوەتی دەوەرێت و تەنانەت برۆش تەنك دەبێتەوە.
-چڵكنی و پیسی سەر، پێستی سەر كاتێك كونیلەكانی دەگیرێت ئەوكاتە رەگی مووەكان تووشی زیان دەبن، ئەمەش وا دەكات مووەكان لاواز و بێهێز ببن، تەنانەت لە زۆری پیسی سەریشدا خۆیان بۆ رانەگیرێت و هەڵوەرن.
چارەسەرییەكان:
بەر لە وەرگرتنی هەر چارەسەرێك بۆ هەڵوەرینی قژ، پێویستە كەسەكە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بە بواری پێست بكات، بۆ ئەوەی جۆری هەڵوەرینەكەی بۆ دەستنیشان بكات، پاشان لەسەر ئەو بنەمایە چارەسەری پێویستی پێبدات، كە گرنگترینیان ئەمانەن: - پاكڕاگرتنی قژ و گرنگیدان بە پێستی سەر یەكێكە لەو چارەسەرە گشتییانەی كە هەمووان دەتوانن پەیڕەوی بكەن بێ جیاوازی.
- بەكارهێنانی پلازما بۆ بەهێزكردنەوەی رەگی مووەكان، بەهێز هێشتنەوەیان، زیندووكردنەوەی رەگە مردووەكان و پڕكردنەوەی قژ.
- بەكارهێنانی شامپۆ و سابوونی تایبەت بەپێی جۆری هەڵوەرینەكە كە دەبێت پزیشكی پسپۆڕ بۆ چارەخوازەكەی بنووسێت.