مورشید برادۆستی – زاری کرمانجی
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی قەزای سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: دوای ئاگادارکردنەوەمان لە گرفتی ئاوی خواردنەوەی دوو گوندی سنوورەکەمان، لەلایەن بەشی چاکردنەوەی فەرمانگەکەمان و لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران دەست کرا بە چاکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی هەردوو گوندی ژیلیا و دوورە ملک.
قارەمان شێخۆ بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەکان، دەڵێت:” ماوەیەکی زۆر بوو بە هۆی دروستکردنی ڕێگای گەلی لێتان – سیدەکان لە گوندی ژیلیا بۆڕی سەرەکی ئاوی خواردنەوە شکابوو، هەروەها لە گوندی دوورە مڵکیش بە هۆی کۆنی تۆڕی دابەشکردنی ئاو، گرفتی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دروست ببوو، خۆشبەختانە لەلایەن تیمەکانمان گرفتی ئاوی خواردنەوەی ئەو دوو گونده چارەسەر کرا.
ئاشکراشی کرد:” سنووری فەرمانگەکەمان 134 گوند لە خۆ دەگرێت، لەو ڕێژەیەدا بە هۆی کۆنی تۆڕی دابەشکردنی ئاو و وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو و هەروەها بەرفراوانی گوندەکە، نزیکەی 100 گوند کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و بە نوسراوی فەرمی سەرووی خۆمان لە گرفتی ئەو گوندانە ئاگادار کردۆتەوە، هیوادارین بتوانین چارەسەری گرفتی ئاوی ئەو گوندانە بکەین”.
قەزای سیدەکان لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و خاوەنی 250 گوندە و نزیکەی 20 هەزار دانیشتوی هەیە .