د. ئازا – زاری کرمانجی:
د. سەرکەوت حەمەد ئەمین، مامۆستا لە زانکۆی سۆران و دانیشتووی قەزای ڕواندز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناوبراو دکتۆرا لە خانەی بنچینەیی و پزیشکی نوێبووە لە کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی کۆڵن لە وڵاتی ئەڵمانیا.
ئەو دکتۆرەی زانکۆی سۆران بەزاری کرمانجی ڕاگەیاند: لە ئێستادا سەرپەرشتی پڕۆژەیەکی توێژینەوەی پزیشکی دەکەم بە هاوبەشی لەگەڵ تیمێکی توێژەرانی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئەڵمانیا، کار و تاقیکردنەوە دەکەین بە ئامانجی نوێکردنەوەی خانەکانی دڵی مرۆڤ لە ڕێگەی پەرەپێدانی خانەی ڕەگەزی مرۆڤەوە و گۆڕینی ئەو خانە بنەچینەیانە بۆ خانەی سەرەکی کە لەناو دڵی مرۆڤدا هەیە.
د. سەرکەوت گوتیشی، جێگەی ئاماژە پێدانە ئەنجامی کۆتایی توێژینەوەکەمان دڵخۆشکەر و گرنگ بوون، چونکە ڕێگا خۆش دەکات بۆ چاندنی ڕاستەوخۆی خانەکان یان شانە بۆ ناو دڵی نەخۆشەکان، کە لەوانەیە جەڵتەی دڵ کەم بکات یان تەنانەت بنبڕ و نەیهێڵێت، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی ڕزگاریان بووە لە جەڵتەی دڵ، بێگومان دەبن بە سوودمەندی سەرەکی و چارەسەربوونیان لەم نەخۆشییە.
لەکۆتاییدا د. سەرکەوت سوپاسی زانکۆی سۆرانی کرد کە هەمیشە پشتگیر و یارمەتیدەرە لە پێناو بەرەو پێشچوونی زانست و پاڵپشتی و هاندانی مامۆستاکانی، کە جێگەی دەستخۆشین.