به‌ختیار سه‌باح –زاری كرمانجی:
به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێترنه‌ری سۆران ده‌ڵیت “دیارده‌ی فرۆشتنی گۆشت له‌سه‌ر شه‌قام و رێگه گشتییه‌كان و كوشتنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ له ده‌ره‌وه‌ی كوشتارگه ڕێگه‌ی پێ نادرێت”.
د. سه‌یده‌وان عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێترنه‌ری سۆران به زاری كرمانجی ڕاگه‌یاند ” فرۆشتنی گۆشت له‌سه‌ر شه‌قام و ڕێگه گشتییه‌كان و كوشتنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ له ده‌ره‌وه‌ی كوشتارگه ڕێگه‌ی پێ نادرێت”.
گووتیشی “به‌پێی ڕێنماییه‌كانی ڤێترنه‌ری ده‌بێ ئاژه‌ڵه‌كان له كوشتارگه سه‌ر ببڕێن و له‌لایه‌ن پزیشكی ڤێترنه‌ری پشكنینی بۆ بكرێت، ئه‌و كات ڕێگه‌ی پێ ده‌درێت له بازاڕ بفرۆشرێت، ئێمه پێشتریش ڕێگه‌مان له‌و دیارده‌یه گرتووه، له‌وانه‌یه له هه‌ندێ شوێن حاڵه‌ت هه‌بووبێت كه كوشتارگه‌ی لێ نه‌بووه”.
دیارده‌ی فرۆشتنی گۆشت له‌سه‌ر ڕێگه گشتییه‌كان و هه‌ندێ له گونده‌كانیش له ڕابردوو زۆر بوو، ئێسته‌ش له هه‌ندێ شوێن به‌رده‌وامی هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به نرخێكی هه‌رزانتر ده‌فرۆشرێت خه‌ڵك زۆر ڕووی تێده‌كات.