موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
لە رۆژانی رابردوو، بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:” لەبەرهەمهێنانی هێلكەو گۆشتی سپی گەیشتوینەتە ئاستی خۆبژێوی و زیاتریش، چونكە بازاڕی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بەحەوت هەزار كارتۆن هێلكەیە، بەڵام بەرهەمی رۆژانەی كێگلەكان ڕۆژانە چواردە هەزار كارتۆنەو حەوت هەزار كارتۆن زیادە لەبازاڕو پێویستی بەهەناردەكردنە.”
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەشی بەوەداوە، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە ١٤٧ هەزار تۆن گوشتی سپی هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە بەرهەمی ساڵانەی گوشتی سپی دەگاتە ٢٨٥ هەزار تۆن، واتە ساڵانە ١٣٥ هەزار تۆن گوشتی سپی زیادە لە بازاڕی ناوخۆی و دەگاتە ٤٥%ی گوشتی بەرهەمهێنراو، لەسەرتاسەری هەرێمی كورستان، پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوەیە بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆ پەیدا بكەین، ئێستا ئامادەكاری دەكرێت بۆ هەناردەكردنی هێَلكە و مریشكی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی كەنداو، هەروەها هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆ لە هێلكە و مریشك زیاد بكرێت بۆ بازاڕەكانی دیكەی عێراق.
لای خۆیەوە، كامەران حوسێن بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان 160 كێڵگەی بەخێوكردنی پەلەوەر و مریشك بوونی هەیە، لەو ڕێژەیەدا 12یان بێ مۆڵەتن، بەڵام بەهۆكاری جیاواز بە تایبەت بەهۆی دابەزینی نرخی مریشك و بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار و گرانی ئالیك و خواردنی، بەشێكی زۆریان داخراون و ئێستا كار ناكەن.
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سۆران، دەڵێت:” ئەگەر بێتوو حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی هەنگوین و بەرهەمەكانی دیكەی جوتیاران، مریشك و هێلكەی ناوخۆی كوردستان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت، بێگومان رێژەی كێڵگە پەلەوەرییەكان زیاتر دەبێت و خەڵكی دیكەش دەست داوێتە ئەو كارە و هەلی كاری زیاتریش دەڕەخسێت و سامانی ئاژەڵیش لە كوردستان و ئیدارەی سۆران لە بواری گۆشتی سپی و هێلكە بوژانەوەی باش بەخۆیەوە دەبینێت”.