موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، لە ڕێگەی زاری كرمانجی خاوەن پێداویستی تایبەتەكان لە سنووری هەر شەش قەزای ئیدارەی سۆران ئاگادار دەكاتەوە، پێویستە لە ماوەیەكی نزیكدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بكەن.
توران خدر، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ماوەیەكە رێنمایەكمان لە دیوانی چاودێری دارایی بۆ هاتووە و تیایدا داوای بینینەوەی سەرجەم خاوەن پێداویستیەكان كراوە و لەهەمان كات دەبێت فۆڕمێكی زانیاری پڕ بكەنەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو فۆڕمە پڕ نەكەنەوە ئەگەر هەیە موچەیان بێتە بڕین.
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی ئیدارەی سۆران، خاوەن پێداویستییەكانی سنووری سۆران، خەلیفان، سیدەكان دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیمان بكەن، ئەوانەی خەڵكی قەزاكانی چۆمان، مێرگەسۆر، رواندزن دەتوانن لە بنكەی خۆیان فۆڕمەكە پڕ بكەنەوە، لە هەمان كات، دوو وێنە، ناسنامەی باری شارستانی یا كارتی نیشتیمانی، لەگەڵ ناسنامەی خاوەن پێداویستیەكە بۆ پڕ كردنەوەی فۆڕمەكە پێویستە .
گووتیشی:” داوا لە خاوەن پێداویستیە تایبەتەكانی سنوورەكەمان و كەس و كارەكانیان دەكەم، هەوڵبدەن لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو فۆڕمە پڕ بكەنەوە تا بێبەش نەبن لە موچە .
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چوار هەزار و 496 خاوەن پێداویستی تایبیەت بوونی هەیە، بەسەر جۆرەكانی ” جەستەیی، نابینا، نابیست، شەلەل دەماغ، ئۆتیزم، بیركۆل و چەند جۆرێكی تر ” دابەش بوونە .