لەو دەمەیدا گوێ هەڵدەخەن بۆ تارێ
لەو دەمەیدا ماملێ دەڵێ قەتارێ
یادم بكەن یادی منی دوور وڵات
یادی منی ڕێبواری ڕێگەی خەبات
یادی منی بێبەش لە خۆشی و شادی
یادی منی سەودا سەری ئازادی
هیوا ساعدی
بە درێژایی مێژووی خەبات لە رۆژههڵاتى كوردستان، هونەر هەمیشە لە سەنگەرەكانی هەرە پێشەوەی ئەو شۆڕشەدا بووە، هەندێك جار ئەگەر خەباتی سیاسیی بە هەر هۆیەكەوە پاشەكشەی كردبێت، بەڵام هونەری بەرگری هەمیشە نەك سەنگەرەكانی بەرگری چۆڵ نەكردووە، بگرە بەردەوام ڕووە و پێشەوە هەنگاوی ناوە.
مامۆستا ماملێ هەر لە سەردەمی لاوییەوە وەك هونەرمەندێكی ئازادیخواز و پڕ لە هەستی ڕەسەنایەتی دەركەوتووە و بەپێی ئەركی كۆمەڵایەتی و كوردایەتی، خۆی پێگەیاندووە.لە سەختترین قۆناخەكانی ژیاندا، وەك بولبولێكی ئەویندار، سەری لە هەموو هەوار و كوێستانەكانی كوردستان داوە و مزگێنی شادی و ئازادیی بۆ ڕێڕەوانی ئەوین هێناوە. لە ڕۆژانی خۆشیدا بە بەستە و گۆرانی، بەزم و كۆڕی هاوقەتارانی ڕازاندووەتەوە و لە ڕۆژانی تەنگانەشدا بە قەتار و لایە لایە و نیشتمانی لاواندووەتەوە. مامۆستا ماملێ بێجگە لە كوردایەتی، سەربازی هیچ ڕێبازێكی ئایدیۆلۆژی نەبوو؛ ئەو تەنیا گیانبازی نەتەوەكەی بوو.
یەك لەو خەباتكارانەی هونەری كوردی بووە كە بە درێژایی تەمەنی بۆ چركەیەكیش سەنگەری بەرگریكردن لە نەتەوەكەی چۆڵ نەكرد و بوو بە قوتابخانەیەك بۆ پەروەردەكردنی شۆڕشگێڕانی بواری هونەر.
ماملێ تێكەڵەیەك لە ڕۆحی یاخیبوونی خانی و لاوچیك لە سۆفیگەری وەفایی و مشتێك لە خاكەڕایی پێشەوای تێكەڵ بە تۆمارێك لە شانازییەكانی ئەردەڵان و تاقوەسان كردبوو و لە موكریان مانیفێستی یەكبوون و كوردبوونی بەرجەستە دەكردەوە.
كەسایەتی و ئاكار و ئەخلاق و نیشتمانپەروەری و هونەرمەندی و وشە شیرین و جوانەكانی ماملێ لە یاد و دڵی هەموو كوردستان زیندوون و لە بیر ناكرێن .