یەكێتیی ئەورووپا داوای كۆچبەران دەكات

مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
یەكێتیی ئەورووپا هۆشداری بە وڵاتانی یەكێتییەكە دەدات لە پیربوونی كۆمەڵگەكەیان و داواكارە هەرچی زووە كار لەسەر ڕاكێشانی كۆچبەران بكرێت بۆ وڵاتەكانیان.
یەلڤا جۆنسن، كۆمیسیاری كاروباری ناوخۆیی یەكێتیی ئەورووپا لە سەردانەكەی دا بۆ ئەسینا داوای لە بەرپرسانی یۆنانی كردووە لەجیاتی ڕێگریكردن لە كۆچبەرانی نایاسایی، ڕێگەچارەیەكی یاسای بدۆزنەوە بۆ ئەوەی كۆچبەران بە ئاسانی بگەنە وڵاتە ئەورووپییەكان و پێ ڕاگەیاندوون “وڵاتانی ئەورووپی لەوە زیاتر بەرگەی پیربوونی كۆمەڵگە ناگرێت و بازاڕ و ئابووری و كۆمەڵگە لە مەترسی دایە و پێویستی بە هێزی كارە.”
هاوكات دوبراڤكا سۆیكا، جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەورووپا بۆ كاروباری دیمۆگرافی ئاماژە بەوە دەكات كە یەكێتیی ئەورووپا ئاڵنگاریی تایبەت بە ژمارەی دانیشتووانی لەبەردەمدایە و گۆڕانكاریی دیمۆگرافیی گەورە ڕوو دەدەن و ڕێژەی گەنج كەم بووەتەوە.