محەممەد دیدی”لە داهاتوو كار بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی وەرزشی تایكواندۆ دەكەین”
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕاهێنەرێكی تایكواندۆ لە ئیدارەی سۆران ڕاگەیاند نوێنەرایەتی تایكواندۆی سۆران و دەوروبەری دامهزرا و لە پێناو بەرەوپێشبردن و ڕێكخستنەوەی ئاستی وەرزشی تایكواندۆ لە ناوچەكە كار دەكات.
محەممەد خدر عەبدوڵڵا ناسراوە بە محەممەد دیدی ڕاهێنەری ناسراوی ناوچەكە كە لە ئێستادا سەرپەرشتیاری نوێنەرایەتییەكە دەكات لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “یەكێتی تایكواندۆی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی ئۆلۆمپی لقی هەولێر بڕیار لەسەر دامەزراندنی نوێنەرایەتی تایكواندۆی سۆران و دەوروبەری درا، بە سەرپەرشتی بەندە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی وەرزشی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران،”
ئامانج لە كردنەوەی نوێنەرایەتییەكە هەر وەكوو محەممەد دیدی ئاماژەی بۆ دەكات “بۆ بەرەوپێشبردن و ڕێكخستنەوەی تایكواندۆ و زیاتركردنی هۆڵەكانی و باشتركردنی هەماهەنگی نێوان هەولێر و ئیدارەی سۆران بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاكییەكانی ئەو یارییە لە ئیدارەكەدا و هەروەها هۆڵەكانی سۆران و دەوروبەری پابەند بكرێن بە سیستەمی نوێی تایكواندۆ كە لەلایەن لیژنەی ئۆلۆمپی و یەكێتیی تایكواندۆی هەولێر دەرچوونە.”

تایكواندۆ وەرزشێكی تایبەت بە هونەرە جەنگییەكانە و كۆریای باشوور وەك قوتابخانەی ئەو یارییە دەناسرێت كە دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا لەم وڵاتە دەركەوتووە و لە ئێستادا تایكواندۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاو بووەتەوە.
لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 91 ی خەڵكی كوردستان، هەرێمی كوردستان ئاشنای ئەم جۆرە یارییە بوو، دەستپێكی سەرهەڵدانی یارییەكەش لە ئیدارەی سۆران لە قەزای ڕواندز و لەسەر دەستی ڕاهێنەر عیسا محەممەد بوو.


