شەهلا رەشید- سۆران:
سۆران ماوەی ساڵێكە بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ و ناوچەیەكی بەرفراوان و رێژەیەكی زۆری دانیشتووی لێ یە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەنتەر و شوێنێكی لێ نییە كە تایبەت بێت بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە.
لە ئیدارەی سۆران هیچ ئامارێكی فەرمییان نییە تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە، بەڵام زاری كرمانجی زانیوەتی سەدان كەس هەڵگری ئەو نەخۆشیەن و بە دەست دەردەكە دەناڵێنن، خەرجی زۆر و دووری رێگە و نەبوونی شوێنێك لە ناوچەكە و هێندەی دیكە گرفتار بوونە و داوای بە هاناوەچوون لە حكوومەت دەكەن، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆرانیش دەڵێت:” ساڵێكە ئەو داوایەمان لە وەزارەتی تەندروستی كردووە و وەڵامییان نەداینەوە.
شێرپەنجە، نەخۆشییەكی مەترسیدارە ئەو كەسەی كە تووشی دەبێت ئەو راستەوخۆ بیر لە مردن دەكاتەوە، بەڵام مەرجیش نییە هەر كەسێك تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت رووبەڕووی مردن ببێتەوە، زۆرجاریش خودی تووشبووەكە شكست بە نەخۆشییەكە دەهێنێت.
سەلمان، كە باوكی تووشی شێرپەنجە هاتووە، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت:” ماوەی ساڵێكە خوای گەورە ئێمەی بەو نەخۆشییە تاقی كردۆتەوە و باوكم تووشی شێرپەنجە بووە، لە ماوەی ئەو ساڵەدا پارەیەكی زۆرمان لە دەرمان و چارەسەر خەرج كردووە، ئەوەی زیاتر ئێمە و باوكی نەخۆشیشیمان نیگەران دەكات، نەبوونی سەنتەر و شوێنێكە لە سۆران تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە.
ئەو گەنجە، دەڵێت:” ئەوانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان لە ماڵەوە هەیە دەزانن چەند بارگرانیان بۆ دروست بووە و ئەركیان قورس بووە، مانگانە بۆ پێداویستی و دەرزی بە ناچاری دەبێت روو لە هەلێر بكەین، ئەمەش زەحمەتە بۆ نەخۆشیش، لە هەمان كاتدا مەترسی رێگە و جەنجاڵ گرفتێكی دیكەیە، سۆرانیش بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، پێویستە ئەو ئاسانكارییەش بۆ ئێمە بكرێت، سەنتەرێكی تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە بكرێتەوە، پێویستە حكوومەتیش هاوكارمان بێت، چونكە دەرزی و دەرمانی شێرپەنجە نرخیان زۆرە و هەموو خەڵك توانای كڕینیان نییە”.
لەو بارەوە، د. كاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” نەخۆشی شێرپەنجە وەك هەموومان دەزانین مەترسیدارە و زۆرجار نەخۆش بێ هیوا دەبێت، لەوەی كە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ باری تەندروستی جێگیر، هەبوونی سەنتەرێكی تایبەتە بە شێرپەنجە لە ئیدارەی سۆران گرنگە، لەبەر ئەوەی بۆ كەسێك كە تووشبووی ئەم نەخۆشییە رەنگە قورس بێت سەردانی هەولێر بكات، چونكە كەسەكە هەست بە بێزاری و بێ تاقەتی دەكات، بۆیە ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران، ساڵی رابردوو بە فەرمی نووسراوێكمان ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی كرد، شوێنیشمان هەیە تەنها ماوە ئەوان وەڵامی داواكارییەكەمان بدەنەوە.
بەڕێوەبەری تەندرووستی سۆران، دەڵێت:” كردنەوەی ئەم سەنتەرە ئاسان نییە كە بە ئاسانیش كارەكە بكرێت، چونكە ئەمە تێچوویەكی زۆریشی دەوێت لەرووی بینا و ئامێرەكان و زۆر شتی دیكە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی كە زەروورە بەڵام ئاسانیش نییە.
لای خۆشیەوە، د. مهاباد دلاوەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لە دایك بوون و منداڵانی فێركاری سۆران، بۆ زاری كرمانجی گووتی:” هەبوونی سەنتەرێك تایبەت بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە گرنگە بۆ ئیدارەی سۆران، بەڵام بەر لەوەی بیر لە كردنەوەی بكرێت، پێویستە پلان هەبێت و شوێنەكە تەنها دروست كردنی بینا نەبێت، واتە لەبەر ئەوەی نەخۆشییەكە هەستیارە دەبێ شوێنەكە ئارام بێت و سروشتی جوانی هەبێت، نەخۆشەكە بتوانێت هاتووچۆی تێدا بكات، چونكە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە شوێن و هەڵسوكەوتی ستافی سەنتەرەكە زۆر گرنگە، ئەوان دەبێ لایەنی دەروونی زۆر ئارام بن.
د. مەهاباد، كە پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتانە، هۆشداری دەدات و دەڵێت:” لە نێو خانمان ئێستا شێرپەنجەی مەمك زۆر زیادی كردووە، بۆیە بەر لەوەی تووش ببن گرنگە پشكنین بكەن، هەر خانمێك دوای تەمەنی 25 ساڵ دەبێ پشكنین ئەنجام بدات، لەبەر ئەوەی زەروورە و ئەگەر هەر حاڵەتێكی شێرپەنجەی هەبوو ئەوا دەردەكەوێت، ئەمە بارگرانیش لەسەر حكوومەت دروست ناكات، كە ئەم پشكنینانە تا ئێستا لە سۆران نینە، هەروەها هەبوونی ئامێری MRI ، بۆیە بەڕای من پێش ئەوەی بیر لە كردنەوەی سەنتەری شێرپەنجە بكەینەوە كە زۆر زەروورە بۆ ئیدارەی سۆران، پێویستە پلانی باشی هەبێت چونكە دروست كردنی تێچووی زۆری دەوێت ئەگەر لەڕووی هەموو ئەوانەی كە پێویست بۆ سەنتەرەكە نەكرێن ئەوا سوودی نابێت”.