ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی كانوونی دووەم، سالار تاڵەبانی كە دانیشتووی شاری سلێمانییە و لە بنەماڵەی مام جەلال نزیكە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی ” شەوی رابردوو هێزێكی دەمامكدار لە گەڕەكی چوارچرا هەڵیان كووتاوەتە سەر ماڵی براكەم و بردوویانە”.
زیاتر نووسیویەتی ” هەر شتێك بەسەر سەرداری برام بێ بافڵ بەرپرسیارە”.
باس لەوەش دەكات “دوینێ نزیك 40 چەكداری دژەتیرۆری یەكێتیی بە دەمامكەوە بە ڕەشبگیری، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی براكەم”.
زیاتر روونیكردۆتەوە ” سەرداری برای و دوو دراوسێیان گرتووە و تا ئیستە بێ سەروشوێنن، پێوەندیم بە چەند برادەرێك كرد لە دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی، پێیان گوتم ئەو چەكدارانەی ئەمڕۆ هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی سەرداری برات و گرتیان، پارەیەكی زۆری ماڵی براكەتیان دزی، هەر ئەوانیش هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی لیوا ڕزگار و ماڵی چەند كەسێكی تر لە سلێمانی”.
سالار دەڵێت ” وەك تەوارییەكانی سەردەمی بەعس ئەوانەیان گرتووە كە گومانی كوردایەتییان لێ كردوون یا سەردانی هەولێریان كردووە، بۆیە ددان بەخۆمدا ئەگرم، بەڵێنیان داوە سەرداری برام و دوو هاوڕێكەی ئازاد بكەن، ئەگەر ئازادیان نەكەن، نەعلەت لەو ئامۆزایەتییە دەكەم، ئەوەی نەگوتراوە دەیڵێم و ئەوەی نەزانراوە ئاشكرای دەكەم، ئیتر كەیفی خۆتانە”.