به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 9ی كانوونی دووه‌می 2024 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ جۆوڵ ڤاوڵ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هاریکاریی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر و له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كیی داعش، یارمه‌تیدانی سوپای عێراق و پێشمه‌رگه به مه‌شق و ڕاهێنان و ڕاوێژی سه‌ربازی، هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر له عێراق و سووریا و له ناوچه‌كه به‌گشتی، تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له پاراستنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و نێرده دیپلۆماتییه‌كان له عێراق كرده‌وه و هاوڕا بوون كه سه‌قامگیریی عێراق بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه پێویسته و ده‌بێ هیچ ده‌رفه‌ت نه‌درێت تیرۆر سه‌رهه‌ڵبداته‌وه، هه‌روه‌ها باسیان له هێڕشه درۆنییه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان کرد.
دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان، یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، ئاڵۆزییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و شه‌ڕ له غه‌ززه و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه ژماره‌یه‌ك له دیپلۆماتكاران و به‌رپرسانی سه‌ربازی، ئاماده‌ی بوون.