“ئەگەر لایەنە كوردییەكان یەكڕیز بن بە مافەكانی خۆیان دەگەن”
مستەفا دۆلەمەری- زاری كرمانجی
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بارودۆخی عێراق لەرووی ئەمنیەوە كەمێك باشتر بووە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە كەی حكوومەت پێك دێت. دەشڵێ، ئەگەر لایەنە كوردییەكان یەكڕیز بن تەحەدا دەكەم یەك حكوومەت لە بەغدا هەبێت مافی كورد پێشێل بكات، لەسەر پرسی سەرۆككۆماریش تاوەكو ئێستا نەگەیشتووینەتە رێككەوتن.
ئەو پەرلەمانتارە، روونیكردەوە:” تائێستا هیچ شتێك دیار نییە سەبارەت بەوەی كەی حكوومەت پێك دێت، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی دوو ئاراستەی جیاواز هەن، ئاراستەی یەكەم باوەڕیان بەوە هەیە كە گفتوگۆ لەگەڵ موقتەدا سەدر بكەن و رای ئەو وەربگرن لەسەر حكوومەتی نوێ، لایەكەی تریش دەڵێن، پێویست بە موقتەدا سەدر ناكات و ئامادەكاریەكانی خۆمان دەكەین و حكوومەت پێكدەهێنین، لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە مانگێك و نیو دەبێت پەرلەمان دانەنیشتووە، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە هەفتەی داهاتوو دەست بە كارەكانی خۆی بكاتەوە، پاشان گفتووگۆی زیاتر دەكرێت لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكان لەناو شیعە، سووننە و كورد پاشان رەشنووسێكی هەمە لایەنە لە ماف و داواكاری هەموو لایەنەكانی بەشداربووی حكوومەت دەنووسرێت كە زەمانەتی داواكاری هەموو لایەنەكان بكات لەگەڵ خۆپیشاندەر و لایەنی سەدری ئەو كاتە دەردەكەوێت كە كەی حكوومەت پێك دێت.
ئەو پەرلەمانتارەی كورد، ئاشكراشی كرد:” لێك تێگەیشتنێك هەیە كە حكوومەتێكی كاتی بۆ ساڵێك یان ساڵێك و نیو دروست بكرێت، كارەكانی حكوومەتیش دیاری كراو دەبن، پەسەندكردنی بودجە و چاودێریكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە ئەوە گرنگترین كاری ئەو حكوومەتە دەبن، چونكە حكوومەتی كازمی ناتوانێت هەڵبژاردنەكان بەڕێوە ببات.
شێروانی، جەختی لەوەشكردەوە:” ئەگەر لایەنە كوردییەكان یەكڕیز بن تەحەدا دەكەم یەك حكوومەت لە بەغدا هەبێت مافی كورد پێشێل بكات، یان بودجەی كورد ببرێت، بۆیە باشترین كار ئەوەیە كە یەكڕیز بین.
لە كۆتاییدا سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دیاركرد:” لەسەر پرسی سەرۆككۆمار تاوەكو ئێستا نەگەیشتووینەتە رێككەوتن، هەر بۆیە تا ئێستاش كاندیدی ئێمە هەر رێبەر ئەحمەدە، بەڵام گفتووگۆ هەیە و ئەگەر هەیە لە داهاتوودا بگەنە رێككەوتن، چونكە زۆر بە جددی كار لەسەر ئەم بابەتە كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە”.