زاری كرمانجی-سۆران
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە قوتابیانی زانكۆی سۆران، بە دروشمی ” هێزی خۆ نەچەمێن ئەبرامز تێكدەشكێنێ، دروون نایبەزێنی” بەیانامەیەكیان بڵاوكردەوە.
لە بەیانامەكەدا كە پەیامنێری زاری كرمانجی ئامادەبوو: ” ئەوە خرایەڕوو: ” ئێمە وەك قوتابیانی زانكۆی سۆران، كە پەروەردەی زانست و چیاكانی كوردستانین و كۆڵنەدان بناغەی سەركەوتنمانە، تا سەر لوتكە ئومێدمان بە دوا رۆژێكی پرشنگدارە، دوا رۆژێك كە لێوان لێو بێت لە پێكەوە ژیان و یەكتر قبوڵكردن، ژیانێك تەژی بێت لە پاراستنی مافی مرۆڤ لە نێو كۆمەڵگە و وڵاتێكی دیموكراتخواز، ئاواتی ئێمە هاتنە دی ئاشتییەكی سەرانسەرییە لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەكان بۆ گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی.
بەڵام زۆر بەداخەوە ماوەیەكە لەلایەن هەندێك هێزی شەڕخوازی دژە ژیان و پێكەوەیی، لە رێگەی درۆنەوە هێرش دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان و بارەگای هێزەكانی پێشمەرگە، ئەمە لە كاتێكدایە كە سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت و رێگە دیپلۆماسییەكان خەریكی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدان.
بیانووەكانی هێرش كردنە سەر هەرێمی كوردستان هەموویان دوورن لە راستی و تەنها بیانوو پێگرتنە بە هەرێم و مەبەست لێیان شێواندنی ئەو ئاسایش و ئارامییەی كە لە هەرێم بنیاد نراوە و رۆژانە دەستی ئاوەدانی و گەشەكردن دەگاتە هەموو كونجێكی ئەم نیشتمانە.
ئێمە وەك قوتابیانی زانكۆی سۆران نیگەرانیی قووڵی خۆمان لە ئاست ئەو هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر هەرێم و بەتایبەتی بارەگایەكی پێشمەرگە دەردەبڕین و دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدانەی ئەم هێراشانە دەكەین.
پێمانوایە حكومەتی فیدراڵ ئەركە لەسەری هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و بە شێوەی كرداری هەنگاو بۆ بنبڕكردنی ئەم كارە قێزەونانە بهاوێژێت، بەتایبەتی كە ئەو هێزە لە یاسا دەرچوانە ناسراون و لە چوارچێوەی حكومەتی فیدراڵی عێراق پارەدار و پڕچەك دەكرێن. بۆیە لێرەوە لەبەردەم رای گشتی داوا لە بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكومەتی عێراق دەكەین، جگە لەوەی بە كردەوە ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە، لە هەمانكاتیشدا سزای ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە بدات.
بەپێچەوانەوە وای دەبینین ئاسایشی هەموو عێراق كە بە ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە بەستراوەتەوە دەكەوێتە مەترسییەوە.
بەرێزان :
ئێمە وەك قوتابیانی زانكۆی سۆران، و بەپێی ئەو زانست و ناسینەی لە مێژووی كوردستانیان هەمانە، تێدەگەین ئەم هێرشە ترسنۆكە تیرۆرستیانە هەرگیز ناچار بە دەستبەردار بوونمان ناكات لە خەبات و تێكۆشان بۆ بەدەست هێنانی مافە دەستوورییەكانمان و ئەمە جگە لە شەڕفرۆشتن بە كوردستانیان هیچ پاساوێكی دیكە هەڵناگرێت.
لێرەوە بە پێویستی دەزانین داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان بە تایبەتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە كوردستان و نوێنەرانی وڵاتانی دۆست لە هەرێمی كوردستان بكەین پشتیوانمان بن بۆ دوور خستنەوەی دەستی رەشی شەڕفرۆشان بە هەرێمی كوردستان، تا خەونی بەدی هێنانی دوارۆژێكی پرشنگداری پر لە رێزی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ببێتە راستی و پێكەوە ژیانی هەموو پێكهاتە جیاكان كە ئێستا بۆتە ناسنامەی كوردستان بگوازرێتەوە بۆ بەشەكانی دیكەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست.































































